شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
ئینتقام
ئاخ چەندە خۆشە لە ڕێی نیشتمان
وە سواڵێ کەوی وەک عێلی بارزان
چەند خۆشە لە ڕێی نامووس و شەڕەف
ناز و نیعمەتت بڕوا بە تەلەف
ئاخ چەندە خۆشە لەسەر ئازادی
تووشی خەم ببی، لە دەس دەی شادی
ئاخ چەندە خۆشە لە ڕێی وەتەندا
برات ببینی پێ لە پێوەندا
ئاخ چەندە خۆشە لە ڕێی ویجداندا
خوێنت بڕێژن لە ڕووی مەیداندا
ئەمما بەو شەرتە لە دوای ڕۆژی ڕەش
شاھیدی مەقسوود بگری لە باوەش
دوژمنت تۆڵەی لێ بکرێتەوە
ئەو داری لێی دای لێی بدرێتەوە
لە جێ دەریان کەی بە ماڵ و منداڵ
لە خاکی غوربەت دەس بکەن بە سواڵ
ناز و نیعمەتیان دەربێنی لە دەس
نەھێڵی بۆ ئاخ ھەڵکێشن نەفەس
خەمیان بدەیتێ لە وەختی جەم دا
شەو بنوون لە ژێر لێفەی ئەلەم دا
لاقیان بماسێ بە پێوەندی تۆ
بەسەر وانیش بێ، چۆن و چەندی تۆ
خوێنیان بڕێژی لە سەر ھەرد و بۆ
دایکیان قوڕوەسەر دەس کەن بە ڕۆڕۆ
ئاری، ئینقتام لەسەر ڕووی دنێ
نیعمەت و خۆشی ھیچی ناگەنێ
ھەر پیاوێ حیسسی تۆڵەی لە دوژمن
لە دڵدا نەبێ کەمترە لە ژن
کوردە گیان بیرێ بکەوە لە خۆت
پێی ناوێ ئەمن شەرحی بدەم بۆت
بەسە با بەس بێ دیلی و ژێردەستی
بەسە بێ بەش بوون لە ژین و ھەستی
حەیفە بۆ کوردێ نەجیب و ئەسیل
لە دەس بێگانان وا ئەسیر و دیل
گیانە تا دوژمن سەری ئیشغاڵە
نەردەکەت باشە دوو شەشت خاڵە
باوی بێتەوە وەک تۆوی ھەرزن
بڵاوت دەکا لە سووچ و قوژبن
خوێنت دەنۆشن لە جێگای شەڕاب
گۆشتت بۆ مەزەی دەکەن بە کەباب
وەک ڕۆژانی زوو ژن و منداڵت
دەگەڵ ئەسیری دەگرین بۆ حاڵت
کوردەنامووسی بێنەوە بیرت
ھەستە بۆ تۆڵەت بە خامە و شیرت
یان ڕزگار دەکەی خۆت و وەتەنت
یا خێر لە نامووس دەبڕی کەفەنت
مردن بە شەڕەف خۆشتر لە ژیانە
حیز و سڵامەت نیازی خوێڕیانە
مەرد بن ماندوو بن لە ڕێی ڕزگاری
با بیتەکێنین تۆزی ھەژاری
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «ئاڵەکۆک/ئینتقام». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٩.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.