شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: فعولن فعولن فعولن فعل 
{literal} {/literal}
ئینقلابی ئوکتۆبر
ئەگەر قەدر و گیتی دروست کرد خوا
لە بەر وەی ھەموو کەس دەسی لێنەدا
بە حیکمەت تەلسمێکی پێ بەستەوە
کە ئیقدام و غیرەت کلیلی ئەوە
ئەوی غیرەت و ھیممەتی تەوئەمە
جیھانداری و گەورەیی ھی ئەمە
لە ئادەم ھەتا دەوری مە وابووە
ئەوی غیرەت و ھیممەتی لابووە
ھەموو نیاز و ئاواتی پێک ھاتووە
تەمای ھەرچی بووبێ دەسی کەوتووە
کوڕی ھیممەتە حوکمی سەر عەرز ئەکا
فەقەت ھیممەتە پیاوی سەربەرز ئەکا
زەمانێ لەمەوبەر ھەموو شۆڕەوی
وەکوو کوردسان بوو، بە دەس پەھلەوی
ئەوەند نانی پەیدا دەکرد کاردار
تەواوی دەجوورا بە زاری تەزار
بڵند بوو وەکوو شێری لانێ (لێنین)
لە لای بوو کلیلی تەلسمی زەمین
لە خۆی کۆوە کرد کۆمەڵێ لاوی پاک
لە مەیدانێ خستی لە زاڵم کەلاک
ئەوی سەرڕەقی کردبوو نەرمی کرد
ئەوی خوێنی خەڵکی مژی چەرمی کرد
فڕێی دا دڕ و داڵی جەور و جەفا
چەقاندی لە جێی باغی سوڵح و سەفا
ھەموو کەس وەکوو یەک تەماشا کرا
بەغیلی نەما پاکی بوونە برا
بە جارێ ھەموو دەستی دا ئیش و کار
نەما ڕۆژی ھار، بوو بە باوی ھەژار
دەڵێی گەر ئەوان وا بە دڵ ھەوڵ ئەدەن
بە میلیۆن دوسەد ڕووحن و یەک بەدەن
لە نێو چاڵی مەزڵوومیا چوونە دەر
بە ئەوجی تەرەققی گەین سەربەسەر
لە خۆ سەھلە ڕێگا بە زوڵمی نەدەن
لە مەزلوومی دیش دەفعی زوڵمێ دەکەن
لە گیتی لەکن گەورەیی شۆڕەوی
ھەوا و گەورەیی خەڵکیە مونزەوی
ھەموو ساڵی جەژنێ دەکەن کارگەر
کە لەو ڕۆژە شایان دەفع بوو لە سەر
لینین مرد بە مەرگێکی پڕ ئیفتیخار
ستالینی دانا لە سەر کار و بار
بە ساکاری ئەو پارچەکەی کردە کار
ستالین پڕی کرد لە نەقش و نیگار
ستالین نەبەردێکە باسک قەوی
سەری سەر بڵندان لەڕووی وی نەوی
ستالینە ڕیشەی یەکی و ئیتتحاد
ستالینە سەرچاوەیی عەدڵ و داد
ستالین بڕی ڕیشەیی زوڵم و شەڕ
کە ئاو نۆش دەکەن پێکەوە گورگ و مەڕ
ستالینە دەکوتێ سەری زاڵمان
ستالین دەزانێ چییە حاڵمان
ھەتا عەدڵە مەحبووبی سەرڕووی زەمین
ڕوحت شاد و جاویدە نێوت لینین
ھەتا ھەن لە دنیایە لەیل و نەھار
ستالین بژی بۆ پەناگای ھەژار
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «ئاڵەکۆک/ئینقلابی ئوکتۆبر». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٨/٢٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.