شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفاعیلن مفاعیلن فعولن 
{literal} {/literal}
برایەتیی ئازەربایجان و کوردستان
بخوێنە بولبولی خوێن گەرم و دڵسۆز
لە شادیانەی بەھار و جێژنی نەورۆز
ئیتر سەرمایی زستانی بەسەرچوو
ئەوی تۆی دڵبەغەم کرد، تازە دەرچوو
بە خێر چوو تاو و با و بارانی سەرما
لە ھەر گۆشە و کەنارێک بێ ئەسەر ما
دیسان وا خاکی خۆی دەسکەوتەوە گوڵ
جێگەی چاکردەوە بۆ تۆش لەسەر چڵ
گوڵی جاران نییە تووشی خەمت کا
لەگەڵ ھیجران و دووری ھاودەمت کا
ھونەروەر پەروەرە و زانا پەسندە
لە مەشدا وا کەش و وا سەربڵندە
لە تۆش زیاتر ئەمن مەسروور و شادم
سروود خوێنێکی خاکی پاکی مادم
ھەتا وێستا منیش یەخسیر و دیل بووم
لە بەندی ئیرتجاع مات و زەلیل بووم
وڵاتی گرتبووم بەفری ھەژاری
کڕێوەی نەگبەتم پێدا دەباری
لە سایەی کۆمەڵی پاکی دێموکڕات
بە ئاواتی دڵم گەیوم بە ئاوات
مژی خەم بە شنەبای ئاگرادی ڕۆیی
لە سەر سابلاخە ئاڵای سەربەخۆیی
چ ئازادی ھەتا وێستا ئەگەر کورد
لە ڕێی ڕزگاریا دەیکرد دەسوو برد
بە تەنھا ھۆزێ یاخۆ پۆلە سوارێ
بە شیر و خەنجەرێک و بەردودارێ
دەھاتە کار و ھەر بەم جۆر و تەرزە
تەواوی ھەردوبۆی دێنایە لەرزە
ئەوێستا سەربەسەر کوردی وڵاتی
ڕەعیەت، عاشیرەت، شاری، دێھاتی
لە سایەی پێشەوای زانا و ھونەروەر
ھەموو پێشمەرگە و گیانبازە یەکسەر
ژن و پییاو، کچ و کوڕ، گەورە و ورد
بە خوێنگەرمی بە یەک ئاواز دەڵێن: کورد
ھەموویان بێچوە شێری سەف شکێنن
ھەموو دۆست ھێنەر و دوژمن ڕفێنن
بە چاتر ئەسلیحە تەجھیز کراون
بە چاتر تەربیەت تەعلیم دراون
نەخوازە ئەمڕۆ لوتفێکە خودایی
کە ئازەربایجان دەستی برایی
لەگەڵ کوردی بە ڕاستی ناوەتە دەست
کە ئیستعمار بکەن بەربەست و بێ ھەست
چ ئازەربایجان، ئاگرستانە
ئەوی دەیبینی وەک شێری ژیانە
لە ڕێگەی نیشتمان پاکی فدایین
نیفاق سووتێن و داخوازی برایین
دەسا کێیە بکۆخێ ڕووبەروومان
مەگەر وەک سەگ بقۆڕێنن لە دوومان
میسالە: «گەر برا یاری برا بێ
لە لای خواڕا مەگەر دەرد و بەڵابێ»
وەرە بولبول مەبە چی دیکە خامۆش
لە تۆ دەنگ و لە من شێعری تەڕ و خۆش
خودا ئەو دوو گەلانە بەختیار کەی
بە جێی وان داخ لە دڵ ھەردەم ھەژار کەی
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «ئاڵەکۆک/برایەتیی ئازەربایجان و کوردستان». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٨/٢٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.