شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: تەرجیعبەند
کێش: ١٠ بڕگەیی
بیست ساڵەی ھەژاری
بیست ساڵان لە ژێر چەنگاڵی عەجەم
ناڵاندم بە سەد دەردو ھەمم و غەم
کێوی بەختمان دایگرتبوو تەم
کەس یارای نەبوو بێژێ ئەمن ھەم
ڕووس نەجاتی دام بوو بە فریشتەم
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
بیست ساڵان کز و بێکەس و بێدەر
گوزەرانم کرد بە خوێنی جگەر
دین و ژیانم لە دەس چووبووە دەر
کورد بوو دەناڵی لە قەسری قەجەر
ڕزگاری کردم بەیرەقی ئەحمەر
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
بیست ساڵ پێم نەکرا نەفەس بکێشم
ئاگام بڕابوو لە قەوم و خوێشم
نەدەکرا بدوێم لەگەڵ ھاوڕێشم
قۆرتی نەگبەتی دەھاتە پێشم
ڕووس بوو بە مەڵحەم بۆ زام و ئێشم
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
بیست ساڵان لەبەر زوڵم و زۆری زۆر
دەرگای شادیمان لێکرا بوو مۆر
دڵ پڕ لە زام و جگەر پڕ ناسۆر
جەفا و بێڕوحمی دەرچوو بوو لە شۆر
تا ستارەی سوور ھەڵات وەکوو خۆر
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
بیست ساڵ دوور خراین لە نیعمەت و ناز
موکری لە شیراز شکاک لە ئەھواز
گۆشتی بەدەنیان دەپچڕین بە گاز
ڕووس بۆی پێک ھێنام ئاوات و ئاواز
بەیداخی ڕەحمەت کەوتە ئیھتزاز
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
حوکمی پەھلەوی و سیخورمی مەئموور
کوردی دەپێکا لە نزیک و دوور
خوێنیان دەمژتین بە سەد چەشن و جوور
چەند ھەزار ماڵی کورد کرا خاپوور
ڕەحمەت بوو بۆمان کە ھات سوپای سوور
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
زیندانی قەسر دەخمە بوو بۆ کورد
ڕاماڵیان دەداین درشت ھەتا ورد
لە سەر برینمان دەکرا دەس و برد
کەلاک و لەشیان دەکردین وە پرد
پەنجەی ئیستالین ئێمەی ڕزگار کرد
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
لە ساڵی یەکڕا ھەتا وەرزی بیست
مژی خوێنی مە ئێرانی فاشیست
فەوتانی مە بوو ئامانج و پێویست
مرا ھەرچی بوو برا ھەست و نیست
لێی دەفع کردم حیزبی کمۆنیست
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
بیست ساڵی تەواو کوردی چارەڕەش
بە دەس دەوڵەت بوون لە گیان بێبەش
دێوی بەدبەختی گرتبوونیە باوەش
ھەر کورد دەکوژرا و دایک سەربەھەش
موژدەی خۆشی بوو ئاڵای سوور و گەش
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
کوردە پێت خۆشە نەبی ڕەنجەڕۆ
لە ڕێی ئازادی تۆش نەبی کوڵۆ
دەجاڵت نەوێ بە فێڵە و دەھۆ
کارت پێی نەبێ سانفراسیسکۆ
خۆڵی وەسەر کە لە دەرکی موسکۆ
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
کوردە پێت خۆشە بژی سەربەخۆ
پەنا بە بۆ ڕووس ئیتر خەم مەخۆ
سەعیی و کۆششت ناچێ بە فیڕۆ
ھەر بەو ساز دەبێ خودموختاری تۆ
ڕووس وەک خەڵکی نین بۆت بڵێن درۆ
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «ئاڵەکۆک/بیست ساڵەی ھەژاری». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٨/٢٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.