شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: تەرکیببەند
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
جێژنی ئیستقلالی ئازەربایجان
دەمێک بوو دەشت و دەر یەخسیری ئیستبدادی زستان بوو
ئەوی چووبێ بە دەردی کوردی مەزلووم باغ و بێستان بوو
لە جێی بادی سەبا شەختە نەسیبی نەونەمامان بوو
لە جێی بولبول قەلی ڕووڕەش نەواخوانی گوڵستان بوو
لە ئاگردا ئەوی دەت دی لکی سەروی خەرامان بوو
لە سەر دانگەی، ھەڵاڵە و سوێسنە پێشێلی حەیوان بوو
موختەسەر ئەو دەر و دەشتە جوانە
کوردەواری بوو بە دەس بێگانە
لە کن جەدی و دەلو و حوت وا کرا بوو شەرت و پێش بینی
نەبینێ کەس چەمەنزارێک بە زەرد و سوور و نەخشینی
گەیشتە ئاسمانی شین ھەناسەی ساردی سارا و کەژ
کە ڕۆژی دڵگەرم ئەحواڵی دەشت و کێوی وا بینی
پەنای برد بۆ حەمەل نەورۆزی سوڵتانی خەبەردار کرد
شەماڵی کردە کۆمەک دای بە خۆشی، ئەسلەحەی تینی
وەک پەنا بردنی ئێمە بۆ ڕووس
تا وەدەس بێتەوە دین و نامووس
لە سەرڕا تیشکی تێگرت ئەو شەماڵ لەو لاوە ڕایماڵی
پساندی بەندی قەلبی کەویەکان ھەور و گوڕو گاڵی
لە دێڕا دەرکرا دەی چوو بە تاڵان تەختی ئیسفەندار
ئەوەندەی قەننەکێشێ سەنگەری بەھمەن کرا خاڵی
لە خاش خاش ھەڵکرا بەیداخی سووری فەتح و پیروزی
لە پیرۆزە و زوومەڕڕەد ڕاخرا بۆ شای بەھار قاڵی
دەشت و دەر بوو کە لە دەس بەفرا دیل
جێژنی ئازادی تێدا بوو تەشکیل
ھەتا بگرێ تەدارەک خاکەلێوە پێی درا دەستوور
بە باڵای نەونەمامانی بڕی کوتاڵی زەرد و سوور
وەنەوشەی کردە خاڵی سووچی لێوی جۆگەلەی ئاوان
لە مل گیابەند و خاوی کرد لە شەونم بەندەک و بەرموور
کڵاوی عیززەتی نا سەر سەری داری بەری، سەروی
بە دەف زەن ھەڵبژارد و نایە دەس قومری و ھەزار سەمتوور
پادشای بانەمەڕی زاھیر بوو
جێژنی ئازادی بەھار دایر بوو
کەدیتم بولبولێک لەو وەختە خۆشەش دا دەناڵێنێ
دەسە و داوێنی خارە بۆ گوڵ و ئەشکی دەبارێنێ
کە ئەی بێروحمە ئازەربایجانیش پاش ھەموو دیلی
مووەففەق بوو بە خۆشی و بەیرەقی ئازادی دەنوێنێ
ئەمن تاکەی لە زیندانی خەمان دا دەستە و ئەژنۆ بم
لە بەر چی وەک گەلی کورد شەش دەرم گیرا لە نەردێنێ
گوڵ گوتی بولبولی کوردستانی
موتریبی کۆمەڵی ژێر دەستانی
گەلی کوردیش بە مەردانە ئەگەر دەس دەن بە دەستی یەک
لە سەفحەی قەلبی خۆیان جوملەیی بوغز و غەرەز کەن حەک
بە یەک ئاھەنگ و یەک ئاوا بکەن ھاواری ئازادی
مەتاڵیان کاغەزی ڕەش بووە بێ نووکی قەڵەمیان چەک
وەک ئازەربایجانی ڕووس لە سایەی بەیرەقی سووردا
دەبن ئازاد و سەربەستی دەسێنن بێ گومان و شەک
ئەو دەمی دەستەملان بم لەگەڵت
عار نییە لاچووە چڵک و چەپەڵت
دەکا بولبول بە سۆزی دڵ بە ئاھەنگی ڕەسا فەریاد
خودا یا میللەتی کوردیش وەک ئازەربایجان ئازاد
بکەی تاکوو گوڵێش بێنێتە جێ ئاواتی موشتاقیم
بەسە دەردی من و کورد، من لە دەس ھیجر، ئەو لە دەس بێداد
مووەففەق بێ سوپای سوور تا ئەبەد کوردیش لە سایەی ئەو
ببن ئازاد لە ژێر پەنجەی ئەسیری دێوی ئیستبداد
ھەر ستالین بژی سەر چاوەی داد
ھەڵکەنی زوڵمە لە ڕیشە و بنیاد
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «ئاڵەکۆک/جێژنی ئیستقلالی ئازەربایجان». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٠/٢٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.