شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
دوو باز پێکەوە
دوێنێ ئەو دەمەی کۆچی دەکرد شەو
بۆ موژدەی بەیان لە قاسپەی دا کەو
چوڕڕە پۆپنە کەوتەوە سەما
بە ھێز دەیسیڕاند ڕۆژە شەو نەما
چاوی خەواڵووم لە خەو ڕاپەڕان
چوم بۆ دەشت و دەر بۆ سەیر و گەڕان
چاوم پێکەوت بە زەردێکەوە
گوفتوگۆیان بوو دوو باز پێکەوە
بازی یەکەم
برادەر تاکەی ژینی خۆڕایی
وێڵگەرد و چۆڵ بڕ دوور لە ئاوایی
تەواوی ژینت قەڵشە بەرد جێتە
کێوی زانیوتە نەزان و شێتە
شمەک چڵکن و ئەندام دژوێنی
لە کوێ شیو دەکەی تێدەوەشێنی
چیاو و کەژ دەگری دەفڕی لە خۆوە
کەوێک قوو ت دەدەی بە پەڕ و پۆوە
نەخواردەمەنیت پوخت و پاراوە
نە ھەرگیزماڵت گەسک دراوە
نە کوورە و کورسی بە سارد و سەرما
نە باوەشێنێ لە جەنگەی گەرما
شەو بە تاریکی لەو چۆڵ و ھۆڵە
سەرینت بەردە و دۆشەگت خۆڵە
بە گاڵەی کوندێ دەنووی سەری شەو
بە ناڵەی درنج ھەڵدەستی لە خەو
نە ژەمێکی باش دێتە بەر دەستت
نە کەس ئاگادار لە نیست و ھەستت
ھەزار نەخۆشی و سەر ئێشە بگری
بێ داو و دەرمان نەش مری دەمری
لە کاری چەتوون کێ یاریت دەکا
کێ لە ڕاست دوژمن داشداریت دەکا
کەواکەت شڕ بێ کێ بیکا پینە
ئەوە سەگ مەرگە ھەر نێوی ژینە
ئەمن وەک تۆ بێپیشە و ئاکارم
لێم نابیەی بڵێم تیرەی باڵدارم
بۆ ئاسوودەیی ھیچ تێناکۆشی
بۆیە لە ژینت نابینی خۆشی
بازی دووەم
تا بشتم نیە مەمشێلە ئیدی
بە تەوس و پلار مەمکوژە چیدی
لەت لەتە جگەر لێم مەدە تەشەر
سەد ھێندی کوتت بێکەسم و بێدەر
ئەتۆ وەکوو خۆم نازانی من چیم
بە چەند ئاخ و داخ لە دنیا دەژیم
پێم خۆشە ئەمنیش وە خۆشی گەڕێم
ئەگەر دەزانی کوانێ شوێن و ڕێم
دەرمان کە دەردم برای چاکم بە
تا دەمرم برام ئەتۆ کاکم بە
بازی یەکەم
پێت خۆشە تووش بی شوێنی ڕزگاری
لەگەڵ من وەرە بچینە شاری
لە کۆشکی شادا پاڵکەوە بێخەم
لەگەڵ کوڕی شا دەبیتە ھاودەم
لە سەر تەختی زێڕ ھەڵنیشە تاوێ
لە سەر دەستی شا بچۆرە ڕاوێ
لە بەر بریسکە ھەڵنیشە بە شەو
گوێت لە شمشاڵ بێھەتا کاتی خەو
لە بان لیسی زێو بە سەرینی قوو
بنوو بە خۆشی ھەر بەیان بەربوو
سەرپەنجەت دەکوشن ھەڵت دەسێنن
سنگە مریشکت بەرچا بۆ دێنن
زەنگوڵەی زێڕت لە قاچی دەکەن
زڕە باڵت بێ ھەڵپاچی دەکەن
چەن ماڵ تەرخانی ڕۆژی پێویستیت
لە کن شا لە ڕووی زۆر خۆشەویستیت
جێگایەک بێشێ چ ژوور چ دەرت
چل دەرمان فرۆش دەگاتە سەرت
کاتی سەرما و سۆڵ لە پەنا سۆبە
ڕاکشێ و دەت شێلێن نۆکەر بە نۆبە
بە چلەی ھاوین گەرما و کوڵەکوڵ
نیسێت لێ دەکا شا بە چەتری گوڵ
ھەر مانگی تۆنێک شەکر بۆ چینە
دەت دەنێ کامی سپیە و شیرینە
ھەرچی دەتەوی ھەرزان و تاڵان
دەسا بابدەین لە شەققەی باڵان
بازی دووەم دەپرسێ
ئەو شارەی گوتت شاری بازانە؟
پاشای ئەو شارەش بازی چازانە؟
دەست و پێوەندی ھەموو ھەر بازن؟
لە ڕێی نیشتمان سەر پردە بازن؟
ئەو شەکری گوتت باز دەیدا بە پیاو؟
باز دەمان داتێ کە باب و پڵاو؟
دەرمان باز دەیکا ساز بۆ زام و ئێش
دەس کوژی بازە دەمان ھێننە پێش
تەختی زێڕ، زێڕی خاکی خۆمانە
وەستای زەنگی زێر کاکی خۆمانە
باز ھەڵی دەکا چرا بە شاباڵ
بازە لێدەدا بلوێر و شمشاڵ
بە زمانی بازان دەمان دوێنن
بە ڕووی خۆشەوە دەکارمان دێنن
بۆ باز ڕاو دەکەین کەوی بۆ دەگرین
لە خاکی خۆمان دەنێژرێین بمرین؟
بازی یەکەم
ئەوە تۆ شێ تی یان وا دەنوێنی
ئەو وتانە چن دەیان ڕاوێنی
کەی باز شای بووە تا ئێستە بی بێ
بیسراوە کێوی تانج و تەختی بێ
کوا ئەو ھۆشەیان دروست کەن شاران
ھەر بازیان گوتوە ماڵ لە نزاران
چۆن پیاو نەخوێنی ھەڵدەکا چرا
ھۆشت لە کوێیە بەش خورا برا
ئێمە و دروست کەین لیسی زێو بۆخۆ
بۆ ھۆش و خۆش ت ھاوار و ڕۆڕۆ
زانستی دەوێ دروست کەی چەتر
خوێندنی دەوێ کارخانەی شەکر
دەندوکی بازی بۆ شمشاڵ نابێ
زێر لە خاک دەرھێن دەبێ زانا بێ
ئێمە و زەنگی زێر دەنگ بداتەوە؟
پێم وایە گێژی خەو دەتباتەوە
ئەوانە بۆمە گەلێک حەستەمن
ئەوی من دەڵێم ڕۆڵەی ئادەمن
خوێندنیان ھەیە و ڕێگا دەزانن
ئارەزووی ھەر کار بکەن دەتوانن
ھەموو تیرەیەک براو کۆمەڵن
لە داوای بەشدا لە مەیدان کەڵن
خوێنیان دەرێژن لە سەر تۆزێ بەش
لە ڕێی ئازادی بێسەر دەکەن لەش
فرۆکەیان ھەن کە لێی دەخوڕن
ئەوان لە ئێمە چاتر دەفڕن
گەڕۆکیان ھەیە خۆی ببزوێنێ
ھەزاری وەک مە بە جێ دەمێنێ
شتێکیان ھەیە کاری کارەبا
وتەی کوێستانی بۆ گەرمێن دەبا
لە ھەر کوێ بدوێن لێرە گوێت لێیە
پاک دەن گ و باسی سەر زەوی پێیە
کوڕیان دەنێرن پیشان فێر دەبێ
ھۆز ئەگەر وابێ گر چوو تێر دەبێ
زێڕی خاکی مە ئەو دەری دێنێ
نەوتی ئێمەیە ئەو دەیسووتێنێ
کن ھێلانەکەت پڕە لە جیوە
دارستانەکەت خڕە لە میوە
زەڕنیقی تۆیە لە پێشتی دەبەن
خوێی خاکی تۆیە لە چێشتی دەکەن
دەکاری دێنن بە خۆبەخۆیی
تۆ کەنگێ کردت گردەوە کۆیی
بنێشتی تۆیە دەیکەن بە ئامراز
بەبەنی خۆتە دەدروون چاوی باز
پێویستە ئێمە وشەی وان فێربین
لە کاری وان دا ئازاو دلێر بین
سەد ھەزار بازی تیژباڵ و ڕاوی
بوونە نۆکەریان تۆ بە جێ ماوی
سەر بەستی بۆ باز چۆن دەبێ کاکە
ئەوی من دەڵێم وا بکەی چاکە
بازی دووەم
کەوا بێ ھۆش و بەستە زمانین
بێکارە و خوێڕی و جێگەی گەمانین
پیشەی وان بۆمە ڕێگەی تێ نەبرێ
پاشا لە بەر چی ئێمە ڕادەگرێ
ئێمەی بۆ دەوێ بە کاری چی دێین
بۆ ئەو نازانێ ئێمە چین و کێین
لە ڕووی چی بۆچی؟ بۆ خوشەویستین؟
بۆ کام کاری ئەو ئێمە پێویستین؟
بازی یەکەم
تۆ ئەوڕۆ برام ھۆشت لە کوێیە
باسی ڕۆستەمە نێرە یان مێیە
ئەمن پێم گوتی ئەو خا ک و موڵکە
ئەگەر تۆ ھەتە بۆ ئەو بە کەڵکە
گیانی خاکەکەت دەکێشێ بۆ خۆی
دەزانی خاوەن ئەگەر بێ ئەتۆی
چاوت دەبەستێ ھەر ئەو بناسی
ڕێت لێ ون دەکا کورت و بڵباسی
دەتنێرێتە ڕاو کەوی بۆ بگری
مەرگ بۆ ئەو ھا ت، دەبێ تۆ بمری
بە شەڕمان دەدا بە یەکمان دەگوژێ
بۆ سەر خۆشی خۆی خوێنی مە دەمژێ
ئێمە ھەر بۆیە دەکا پەروەردە
لە گیانی یەکتر ببینە جەردە
دەبێ ڕووی خۆشت دەگەڵ بنوێنێ
تا دین و دنیات لە چنگ دەردێنێ
بازی دووەم
ئەوا تێگەییم لە کاری گێتی
ئەم جارە گیانە من تۆم پێ شێتی
ئەوەش دەزانی و بۆشیان خەریکی
لە پیکیش دەدەی ھەم لە ماپیکی
ئەوی تۆ دەیکەی من بم کردایە
نێویان دەنام کەر لە سەر دنیایە
چ دەبێ نەچی نۆکەری شاکەی
دەس کەی بە کار و ڕوو لە خوڵاکەی
بێی لەگەڵ منا بچینە ڕازان
بۆ برایەتی ببینین بازان
لە دەوری یەک لەو چیا بەرزانە
ھەرچی باز ھەیە بکا ھێلانە
لێک کۆبینەوە و شارێ بکەین ساز
خوێندن دابنێین بە زمانی باز
ھەموو جوچکمان پێیان بخوێنین
لە سەر پیشەو کار دایان مەزرێنین
دەندووکیان تیژکەین بۆ مێشکی دوژمن
دەرکەین نەتەوی لە سوچ و قوژبن
ھەرچی دەمان بێبەختی کەین لە خۆ
دەقات زیاد بکەین باڵ و پەڕ و پۆ
پیرۆزەی پیرۆز پێی بەرین پەنا
لە ژێر سایەی خۆی بمان کاتە شا
ئیدی نەچیە لای دوژمنی خوێنی
لەو بابەتەوە ئەمجار نەمدوێنی
نامووس باشترە لە باب و دایی
ئەو نی یە بۆیە دەکەی گەدایی
ھەتا نەمان بوو وەک تۆ ھەناو کەم
باز بوو دەی بەخشی تانج و تەختی جەم
باز بنیشتبا لە سەر سواڵکەرێ
دەبوو بە خاوەن تەخت و ئەفسەرێ
سەد دار پیر دەبوو بە ئاواتەوە
جارێک باز ئەوی بە سەر کاتەوە
ئێستە تۆمان ھەی بۆیە تەواوین
بۆیە لە کن سەگ پیس و گڵاوین
دڵخۆشیم دەدەی، دین و دنیاکەم
بۆ تۆزێ شەکر پێش کێشی شاکەم؟
بڕۆ تۆ ڕەگی مە ڕدیت مردووە
نا زا نی زانا چۆنیان فە ڕمووە
پیاو کێوان بەشان بگوێزێتەوە
ئەندامی لە نێو خوێن بتلێتەوە
لە بری نان بخۆی خۆلەمێشی بۆر
ژەھری ھەلاھیل بکەی بە پێخۆر
بۆ کەوش دڕوو بکەیتە سەر پێ
بچیتە ناو خیز لەباتی دەر پێ
زستان وشکە بەند ھەڵت لەرزێنێ
ھاوین جەنگەی کار نۆبەتێت بێنێ
کەوای نەداری بکەیتە بەرت
کڵاو بە بزمار بدەن لە سەرت
لەگەڵ ئەژدیھا بت پێچنە نێو غار
لە چاڵت بخەن لەگەڵ سەگی ھار
ھەموو خوێی دەریا بکەیتە چاوان
سەد ساڵ بەندی بی بێ سووچ و تاوان
باڵت بوەرێ پەک بخا بۆ ڕاو
ھێلکەت بگنخێ لە بەر سوورە تاو
بە سەری پیری دە جوچکت بمرێ
چەنگاڵت کۆڵ بێ کەوێکی نەگرێ
وێڵگەرد و بێ جێ گەڕان لە ھەردان
لەسەر خۆڵ خەوتن سەر لەسەر بەردان
لە ڕژد و سەختا ھێلانە کردن
نە وەک نۆکەری بێگانە کردن
من کە ئەوەم بیست مات و سەرگەردان
بیری ڕووناک و بازی بن بەردان!
دیارە باڵندەش ھیندێک بەبیرن
ھێندێکیش لە ناو نەزانی گیرن
کە خورد بووم دیتم ئەو دوو بالدارە
یەکێک ئاغایە و یەکیک ھەژارە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «ئاڵەکۆک/دوو باز پێکەوە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٩.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.