شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفعولُ فاعلاتُ مفاعیلُ فاعلن 
{literal} {/literal}
سوورە گوڵەی باخی کوردستان
نەسرینی قوندیلانە و نازاری نۆجوان
چاتر نموونە سوورە گوڵەی باخی کوردسان
کوڵمت گەش و بەتینە وەکوو جەوری موستەبید
پرچت ڕەش و درێژە وەکوو ڕۆژی کوردەکان
قەددت حەقی ژیانی ھەموو میللەتی بچووک
ئازادی کوردستانە دەمت، لێی نییە نیشان
دوژمن بە تانگ لە سەرتە ئەتۆ تازە ساز دەکەی
لەو قەرنی بیستە تیری مژۆڵ و برۆی کەوان
چاوت ھیمالی بەختی منە ڕۆژ و شەو بە خەو
نازت میسالی دەردی منە دەم بەدەم گران
ئەگریجەکەت کە دێتە نەزەر ڕووتی گرتووە
دڵ ژان دەکات و دێتەوە بیر وەزعی نیشتمان
بەو کیژیەش دەزانی کە ھاوخوێنی خۆت نەبێ
نابێ بە یاری بگری، ھەژار بەسیەتی ئەمان
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «ئاڵەکۆک/سوورە گوڵەی باخی کوردستان». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/٢٠.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.