شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفاعیلن مفاعیلن فعولن 
{literal} {/literal}
غەزەل
ئەرێ ئەی کیژە کوردەی چاوکەژاڵە
ئەرێ ئەی شۆخ و شەنگەی چاردەساڵە
ئەتۆ خۆت کورد و خوێنی لاوی کوردان
بە تورکی چاوی مەستت کرد حەواڵە
بە خوێنی مەی دەدەی ئاوی مژۆڵت
بژانگت بۆچی سەر نێزەی کەماڵە؟
ڕنووی سەر ئاگرین لاجانگ و کوڵمت
لە خوێنی نەوجەوانان دا شەڵاڵە
بڵێی ئێران و عاڕەب بێ، دڵی تۆ
کە لێی تەئسیرێ ناکا ئاھ و ناڵە
مەگەر چاڵی چەنەت زیندانی قەسرە؟
کە ڕزگار بوونی ئێمەی لێ مەحاڵە
تەنافی زوڵفت ئاوێزانی باڵات
نەمانی ھاونەژادانت خەیاڵە
ڕوحت بردم بە قەندی لێوەکانت
دەزانی کورد بە قەند وێرانەماڵە
قەباڵەی ئاشقیم زۆر موعتەبەر بوو
چ قەوما چاوم ئەمڕۆ پێت بەتاڵە
لە ئاھ و ئەشکی بێچاران حەزەرکە
وەئەستۆ مەگرە چیدی ئەو وەباڵە
مەگەر ترست نییە دەستی زەمانە
وەڕێت بێنێتەوە ئەم ژینە تاڵە
کوڕی شێران و ئەفسەح بووم بە دەس تۆ
ھەژارێکم زمانم لەنگ و لاڵە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «ئاڵەکۆک/غەزەل». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/٢٠.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.