شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
لای لایە
ڕۆڵە ڕووناکی گلێنەی چاوم
بەندی جەرگ و دڵ ھێزی ھەناوم
ڕیحانەی بۆن خۆش سوورە گوڵەکەم
ئاو پڕشکێنی کوڵی دڵەکەم
چۆڵەمەی ئەستۆم، ڕەگی حەیاتم
ھەنگوین و قەندم، نوقڵ و نەباتم
خەوی خێرێت بێ بنوە درەنگە
تا کەڵەبابی بەیان بێدەنگە
ھەی لایە لایە، ڕۆڵە لای لایە
ئەمشەو بەزەت بەمن دا نایە
ژیر بەوە ڕۆڵەی ژیر و جوا نم
لە داخی لانک دەگری دەزانم
دەڵێی بۆ حەپسم بۆ دەستە بەستەم
بەو بەند و حەپسە من جەستە خەستەم
لە نێو کورد نەبێ دەسرازە نی یە
ئەو بەند و قڵ ف و قەڕازە چییە
کوڕم من بیرم لە تۆ زیاترە
دەسرازە و لان ک بتبێ چاترە
ھەی لایە لایە، ڕۆڵە لای لایە
مات بە پێت بڵێم لە بەر چی وایە:
ڕاستە تۆ نەوەی شێری ژیانی
نەتەوەی پاکی گەلی کوردانی
بەڵام چونکە کورد ئەوڕۆ بێکەسە
بەشیان لە دنیا کۆت و مەحبەسە
بۆیە دەت پێچم تا خووی پێ بگری
نەک تا من ماوم لە بەندا بمری
بەو چارە ڕەشیەت نەماوە تینم
ھەر پێم خۆش نی یە مەرگت ببینم
ھەی لایە لایە، ڕۆڵە لای لایە
ھەزار تێبینی دواڕۆژم لایە
بۆت بەخت دەکەم عومری درێژم
سەد تاڵی و سوێریت لە سەر دەچێژم
نەمامی باڵات بە فرمێسکی چاو
شەو و نیوە شەو لێی دەنێم شەواو
سەد چاک و پیرت بۆ دەخولێمەوە
لە بن سێبەرت بحەسێمەوە
ھەر گەیشتی دوژمنی زاڵم
دەتبڕێ و بەزەی نایە بە حاڵم
ھەی لایە لایە، ڕۆڵە لای لایە
دەک خاک بە سەر خۆم ڕەنجم بە بایە
پەشێو پێ ت خۆشە یەخسیر نەمێنی
سەر بەستیت پێ بڵێم بکەویە شوێنی
قەڵەم دەست دەیە و ببە مەکتەبی
وەخت و بێ وەخت لە خوێندن نەبی
ئەو کاتەی لەگەڵ کاک ت دوو بە دوو
بکەن ھاواری ھەققی لە دەس چوو
دەس دەنە دەس یەک بە ڕاو بە تەگبیر
یەکتان بە قەڵەم، یەکو بە شمشیر
ھەی لایە لایە، ڕۆڵە لای لایە
شیریش جەوھەریی لە قەڵەم دایە
یەک نامە ڕەش کا لە داد و ھاوار
یەک زەوی سوور کا لە خوێنی بەدکار
یەک لە قوڕنیشێ بڕوا بۆ تکا
یەکێ قوڕ بەسەر دوژمن دا بکا
ئەو پەلەقاژەی ئیستا لە کن من
دەکەی بەند لادەی لە دەست و گەردن
ئەو تەقەلایەت بۆ دوا ڕۆژ باشە
جوچک ھەوڵێ دە، بێ ڕوحمە واشە
ھەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
دەس لە دەس تەوفیق لە کن خوڵایە
ڕۆڵە نیشتمان چاوی لە ڕێتە
دایکمان ھەویای دوا ڕۆژی پێتە
بۆیە ئەندامت وەک مینای بێ گەرد
خاوێن ڕادەگرم بە سەد ڕەنج و دەرد
چاکەم دەیەوە بۆ وەتەن وەک کوڕ
تۆش بیگەوزێنی لە ناو خوێن و خوڕ
پێت بڵێم ڕۆڵە سەر سوودی چییە
بۆ پردە بازی ڕێی ئازادی یە
ھەی لایە لایە، ڕۆڵە لای لایە
نیشتمان بۆ تۆ دەستە و دوعایە
ڕۆڵە نامووست وەک خزمەکانت
نەفرۆشی بە پووڵ دەستم دامانت
شەڕەف گەوھەرە قیمەتی نایە
دەویت ڕووڕەشی ھەردوو دنیایە
ئەو کەسە پیاوە بۆ خا ک و ئاوی
ڕۆح دانێ و بە چاک بمێنێ ناوی
نەتبیستوە، واتەی زانای سەرزەمین
مەردانە مردن نەک حیزانە ژین
ھەی لایە لایە، ڕۆڵە لای لایە
بخۆینە نەزان چی لە دەس نایە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «ئاڵەکۆک/لای لایە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/٢٠.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.