شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: قەسیدە
کێش: فعلاتن فعلاتن فعلن 
{literal} {/literal}
ڕەوابیتی فەرھەنگی
کاتێ بای وەعدە دەستی کرد بە خوڕین
دەی و ئیسفەندی وەدەر نا لە کەمین
وشکە پووشی دەر و دەشت پۆشییەوە
لەجێگای کفنی سپی ماوەتی شین
بەرقی شەمشیری بە ڕق خۆی دەرخست
ئاوی کانیاوی لە ترسان تۆقین
زێوی گۆی دالدە بەتاڵان ڕۆیی
بوو بە نەغدینەیی لالە و نەسرین
دای لە بێڕلینی ڕنوو دوورزەنی ھەور
چۆن لە بێڕلینی دەدەن موتەفیقین
ئەرتەشی سووری شەقایق وەک ڕووس
ھیتڵەری بەفری وەدەرنا لەزەمین
عەرزی پڕ کرد لەعەتر بادی سەبا
وەک بەزە و عەدڵی ڕەفیق ئیستالین
بەھەزار وەزنێ ھەزار شێعری دەگوت
گەیبووەریزی ھەژار و پۆشکین
گولە شلێرە لە قەبران مل کز
بۆ براکانی شیمال دەیکرد شین
پەلی چاڵووکی بەسووری دەتگوت
چەنگی تورکانە بەخوێنمان ڕەنگین
گولە خاش خاشە جەرگ ڕەش بۆ کورد
شەتڵی خوێن ھەروەکوو شێخی شەمزین
گوتم ئەی بەختە ھەتا کەی تا چەند
تۆ خەواڵووبی ئەمەش دڵ غەمگین
کەی دەبێ ھەوڵێ بدەی ھەڵبگری
سەر، سەری ئێمە، سەری خۆت لە سەرین
یانی زستانی خەمان کەی دەڕوا
یا کەنگێیە بەھاری زانین
کەنگێ قەل لاقی لە باغت دەبڕێ
بولبول و بازی دەبن جێگەنشین
بەفری نەگبەت کە لەسەرمان باری
بەشنەی عیلمی لەعەرزی دەبڕین
کەنگێ باغ و گوڵی دین و نامووس
بۆوە پێپەست نەبێ دەکرێ پەرژین
کەنگێ عەرزێکی دەکێڵێن بۆ تۆ
کەنگێ تۆوێکی دەچێنین بۆ شین
کەنگێ چینراوی دەگاتە بەر و بۆ
کەی بەباھۆی کوڕە کوردێکی دەژین
ھەر لە کۆڵ بێتەوە سواری کەرە شەل
نامەوێ ئیدی بە ماشێن بفڕین
ھەرچی خەڵکی زەویە لیسانسە
چ دەبێ ئێمە زمانێک فێر بین
گوتی بۆ بێخەبەری لەو بەینە
چاوەڕێی ڕابیتەیی فەرھەنگین
دەوڵەتی شۆڕەوی یان کەوکەبی بەخت
ئەوی سەرمەشقی ھەموو خۆشی لەوین
بەیرەقی سووری بە ڕووسوری نواند
زەھلەیان پێی چووە ھار و بەدبین
لەپەنا کوتکی عەداڵەت کێشای
داسێ بۆ ھەژگەڵی زاڵم دوورین
بۆ نەجات دانی ئەسیرانی جیھان
خوێنی ڕشت میللەتی واخوێن شیرین
کە لە ویجدان و عەداڵەت داری
بۆ فەقیران و زەعیفانە موعین
تا لەروومان ھەڵێ نێو خەڵکی چوون
بەرگی زانستی بە بەردا کردین
تا زمانێک بێ کە پێی ھاوار کەین
بۆ حوقوقمان و نەڵێن کورد وەحشین
سازی کرد یانەیی زانست بۆمان
با وە ڕووح بێینەوە چیدی نەمرین
کە برینداری بە کێردی دیلی
کوردە ھەر خوێندنە دەرمانی برین
زەرد و ماھێک بوو کە لێی سەر کەوتین
بە ھومێدم پتریش سەربکەوین
بۆ ھەموو کوردی وڵات پێویستە
کە ببێژێ بە سەدای بەرز و مەتین
بۆ ھەژار پەروەری و عەدڵ و داد
بژی ئیستالین و شاد بێ لینین
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «ئاڵەکۆک/ڕەوابیتی فەرھەنگی». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٤/٢٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.