شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
ھەژار و نیشتمان
ڕاجع بە کورد و ئازەربایجان
دوێشەو زۆر بە سۆز کاتی بەربەیان
ھاتە گویم ناڵە و زایەڵەی گریان
بەو ناڵە خۆشیم نەما لە حاڵا
ھێزی لێ بڕیم سۆزی سکاڵا
بە سەد مەرارەت لە بنیانم کرد
دیتم وا دایکی نیشتمانی کورد
دەگری و دەناڵێ وەک ھەوری بەھار
ڕەشی پۆشیوە لە سەر تا بە خوار
ھەژار:
دایە ئەی لانکی شێرزاد و شێران
باوەشت جێگای ئازا و دلێران
دەست پەروەردەی تۆ سەلاحەدینە
میری جەزیرت شوھرەی زەمینە
قوباد و باز و میری ئەردەلان
ئەردەشیر، دەیسم شا و کەریمخان
ئاودەل موھەلھەل، لەپ زێڕ، شەرەفخان
میری ڕەواندز، پادشای بابان
خەلیل، زەردەشتت لە ئامیزا دین
جێی خۆشی و فەخرن بۆچی دەکەی شین
نیشتمان:
ڕۆڵە چۆن نەگریم چۆن نەبارێنم
چۆن خوێناوی دڵ بە چاو نەڕژێنم
نیشتمانێک بم بەو فەخرانەوە
وادیل بم بە دەس فاشیستانەوە
مەزلووم بم بە دەس ئیڕتجاعیون
لێیان شک نەبەم ھیچ دەراوی ڕوون
ڕزق و ڕۆزی من قووتی تاران بێ
منداڵم برسی لە قون دەرکان بێ
لۆکەم بکرێتە پێخوست لە جادەی
تۆش لێفەت نە بێ بە خۆتی دادەی
لە ڕەنجبەریتان قاقوم بپۆشن
ئێوەش خوێناوی جگەر بنۆشن
نەشھێڵن بۆ خۆ و بەزمانی خۆتان
دەرس بخوێنن، چۆن نەگریم بۆتان
خۆشکێکم ھەیە ئازەربایجان
لە من خراتر کەوتۆتە زیندان
من چم بە سەر ھات ئەو لە من زیاتر
ئەو لادەکانی لەنگۆ خراتر
لە سەر خۆشم ڕاخەمی ویم زۆرە
دوو خەم بە جارێک لە دڵ ناسۆرە
گەر ھەوڵێ نەدەن بۆ نەجاتی مە
دەبێ جاو بێنن بۆ خەڵاتی مە
ھەژار:
نیشتمان بەسیە گڕم تێ بەر بوو
قەولت پێ دەدەم پیاوانە تاکوو
خاکی کوردستان لاو چاکی ببێ
ئازەربایجان خوێن پاکی ببێ
نایەڵین بمرن دەستی ئیتتحاد
دەدەین بە یەکتر بۆ ڕێگەی مراد
خوێنمان لە تەشتێ دەبێ بڕێژن
پاکمان لە جێیەک دەبێ بنێژن
وێگڕا ھەوڵ ئەدەین بۆ ڕزگاریتان
ھەر دوو دەستێنین خودموختاریتان
ئێوەش بە جووتە مەگرین دوعا کەن
ڕوو لە بارەگای بەرزی خودا کەن
بپاڕێنەوە بە سۆز و ناڵین
تا دەور ئەدا چەرخ بژی ئیستالین
ھەر مووەففەق بێ لەشکری قزڵ
تا ھەژار بگەن بە ئاواتی دڵ
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «ئاڵەکۆک/ھەژار و نیشتمان». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/٢٠.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.