شاعیر: ھێمن (١٩٢١-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفاعیلن مفاعیلن فعولن 
{literal} {/literal}
سووڕی دەوران
زەمانی زوو ھەبوو میرێکی زۆردار
دزێو و دڵڕەق و خوێنڕێژ و لاسار
دڵی خۆش بوو بە ئازاری ھەژاران
بە دەس ئەو چوون ھەزاران و ھەزاران
قسەی خۆشی دەگەڵ خەڵکی جوێن بوو
ھەمیشە تیخی جەللادیی بە خوێن بوو
سەری زۆر لاوی جوانچاکی بڕیبوو
زگی زۆر پیاوی دڵپاکی دڕیبوو
ڕق و قینی لە نێوچاوان دەباری
دزی و سووتمان و کوشت و بڕ بوو کاری
بزەی ھەرگیز نەبینرابوو لەسەر لێو
دەغەزری وەک یەکانە و بڕڕەکی کێو
دڕندەی ھار و ماری بێ ڕەزا بوو
لە تاڵان و بڕۆیە شارەزا بوو
لە ترسانی وڵات پڕ ترس و ڕەو بوو
ڕمووزنەی تاریکان و خێوی شەو بوو
گڕووگریان بە ناوی ئەو دەکرد ژیر
لەوی تۆقیبوو ھەم زارۆک و ھەم پیر
مەکۆی جەردە و چەتان بوو دیوەخانی
غوڵام و نۆکەری بوون نانی نانی
لەوی بێزار بوو ئینسانی بە نامووس
تەشی ڕێس بوو لە دەرکی ئەو زمان لووس
دەیانکرد خزمەتی وەک دیل و بەندە
ھەتیوچە و سەرسەری و سۆدرە و سەھەندە
لە ھەق بێزار و دڵ بەستەی ڕیایی
یەکەم تۆچێنی کێڵگەی بێ وەفایی
نەیاری چاکەو و یاری خراپە
خەزێنەی کون بڕ و شاری خراپە
پەڕی قامووسی ئەویان کردبوو داگیر
وشەی دار و تەناف و کۆت و زنجیر
بە ڕاستی ملھوڕێک بوو دوژمنی گەل
لەبەر ئەو نەیدەوێرا کەس بڵێ: لەل
خودا ڕازی بوو لێی، ئەمما خودای شەڕ
لە خەڵکی بەر ببوو وەک گورگی نێو مەڕ
***
بەڵام کیژێکی بوو ئەو گەندە پیاوە
کە دەتگوت خوشکی ئاونگ و خوناوە
لەبارێ، نازەنینێ، کوڵمە ئاڵێ
نیگارێ، دڵڕفێنێ، چاو کەژاڵێ
بەژن باریک و باڵابەرز و تەڕپۆش
یەسک سووک و ڕەزا شیرین و ڕووخۆش
ھەنی جوانتر لە مانگی ئاسمانی
پەڕی ڕەشداڵی بوو ئەبرۆی کەمانی
بسک ڕەشتر لە ڕۆژی ژێر چەپۆکان
پەشێواوێ کە ژیری بۆ پەشۆکان
کەزی خاوتر لە خاوی لا نواڵە
لە شەرمی کوڵمی سوور بۆوە گوڵاڵە
ئەوی تیری ئەوین جەرگی نەکۆڵێ
نەبوو ئاگای لە پێکانی مژۆڵێ
بزەی دەرمانی دەردی دەردەداران
وشەی وەک بەختەبارانی بەھاران
سەمای پەریانە دەتگوت لار و لەنجەی
پەڕی گوڵ دەییەشاندن دەست و پەنجەی
کوڕەی ھەردی دەھێنا گۆی مەمانی
لەلای وەی تامی دەسبازیی دەزانی
ھەموو شێوەی لە بابی خۆی جودا بوو
فریشتەی پاکیی و خێری خودا بوو
تەبیعەت ئەو کرەی وا ورد تەنیبوو
خودای جوانی لە خۆشیانی خەنیبوو
دەگەڵ ئەو جوانییە خاوەن شەرم بوو
دڵی زۆر نەرم و خوێنی زۆر گەرم بوو
دەبوو جێی ئەو بەرزتر با لە ھەوران
کەچی دەژیا لە ژووری ماڵی گەوران
دەبوو چەتری سەری باڵی ھوما با
نەوەک ئاوا لە ڕووپۆشێ خزابا
دەبوو سواری قەڵاندۆشی ھەڵۆ با
لە بەرزایی چیادا سەربەخۆ با
نەوەک لێی داخرابا دەرکی حەوشە
ژیابایە لەنێو ئەو غەور و خەوشە
دەبوو ژوانگەی لەکن ڕاوگەی کەوان با
نەوەک وا چاو لە دەستی دەرکەوان با
دەگەڵ پێروو بکا ڕاز و نیازێ
گەلاوێژی بە ھاوڕازی بنازێ
بکا سەیرانی زەرد و ماھ و ڕازان
لە خەو ڕابێ بەسیڕەی سەقر و بازان
گزینگ بنگێوێ کوڵمەی ئاگرینی
شنە ببزێوێ بسکی پڕ لە چینی
دەگەڵ گوڵ پێکەنێ فێنکی بەیانی
سەرانسەر پڕ لە خۆشی بێ ژیانی
دەگەڵ بولبول بڵێ حەیران و بەستە
خەڵک شەیدا بکا بەو شۆر و ھەستە
دەبایە چێژی ئازادی بچێژێ
نەوەک فرمێسکی نامرادی بڕێژێ
بە ئاونگێ بشوا ڕوخساری پاکی
لە پاکان ون نەبێ دیداری پاکی
دەبوو بوکشن دەس و پەنجەی لە گۆوەند
«کوڕی، دیواندڕی»، بەند ھەڵبڕێ، ڕەند
دەبوو جووتی ژیانی ھەڵبژێرێ
نەوەک بابی بە سەوقاتی بنێرێ
قەفەس زیندانی تاوسی شۆخ و مەستە؟
کچی جوان و لەبار و دەرکی بەستە؟
کچی بێ بەش لەنێو بورج و قەڵادا
دوڕە ئەمما لە دوڕ دورجی بەڵادا
دەبا ھەر ئەتڵەس و دیبای لەبەر بێ
کچێک ڕوو بەستەو و چارشێو بەسەر بێ
بڵا پاژنەی لە زێڕبێ کەوشی جوانێ
کە دانرابێ لە دەرکی دەرکەوانێ
بە کاری چی دێ خشڵ و زێڕ و زێوەر
کچێکی نەشتە نێو خەڵک و جەماوەر
بە کاری نایە بەرگی جوان و مومتاز
کچێکی چاوی دووروابێ وەکوو باز
لە ژاری تاڵترە خۆراکی چەوری
کچێک وەک ڕۆژ نەیێتە دەر لە ھەوری
سیاچاڵی کچانە کۆشکی میران
ھەزار خۆزگە بە کاولاشی فەقیران
بە قانوونی تەبیعەت ناژی بێ جووت
ئەوی ئینسانە، جا دارایە یا ڕووت
کچی میر و گەدا دڵیان ھەیە دڵ
دڵیش ناکا لە دڵداری و ئەوین سڵ
ڕەبەن تامی ژیانێ چۆن دەزانێ
ئەگەر «پێ»شی بگاتە ئاسمانێ
کەسێک جووتی نەبوو خۆشیی نەبینی
بەھەشت ناھێنێ ڕۆژێ دێر نشینی
کەسێکی ژینی بێ ژوان ڕابوێرێ
ھەموو ژانی جیھانی پێ دەوێرێ
ئەوین مایەی ژیان و بوون و مانە
ئەوین ڕایگرتووە دەوری زەمانە
ئەوین نەبوایە پێی ناوێ بخۆی سوێند
جیھان چۆڵ بوو پەپووش تێیدا نەدەخوێند
ژیانی بێ ئەوین دەشتی نەبوونە
لە سایەی عیشقە ئەم دنیایە ڕوونە
ژیانی بێ ئەوین گشتی زیانە
کچیش نەیخوارد فریوی ئەم ژیانە
وەدووی دڵ کەوت و پچڕی بەند و پێوەند
دڵی خۆی دا بە لاوێکی ھونەرمەند
ھونەرمەندێکی پاکی بەرزە ئاکار
کە جارجار ڕێی دەکەوتە ماڵی خوونکار
ھونەرمەندێ کە ھەر نەغمێکی تاری
گڕ و ئاورینگ و پشکۆی لێ دەباری
ھونەرمەندێ کە دەنگی پڕ خورۆشی
بە بەندێ دەیپەڕاند دەرد و نەخۆشی
ھونەرمەندێ کە ھەستی ئاگرین بوو
دەروونی پڕ لە ناسۆر و برین بوو
ھونەرمەندێ کە سووتاوی ئەوین بوو
ھەموو ئەندامی سۆز و تاو و تین بوو
ھونەرمەندێ کە زادەی دەرد و خەم بوو
زەدەی دەستی ڕەشی دێوی ستەم بوو
ھونەرمەندێ بە زگ برسی و بە چاو تێر
لە شەڕ بێزار و دۆستی ئاشتی و خێر
ھونەرمەندێکی عەسری فیئوداڵی
دڵی پڕ بوو، بەڵام گیرفانی خاڵی
شەوانی بەزم و شایی و شەونشینی
لە درزی پەردە یەکتریان دەبینی
کە تێک دەڵقا نیگای پڕ گفتوگۆیان
دەیاندرکاند بەسانی ڕازی خۆیان
***
کوڕیش سەوداسەری کیژی ئەمیر بوو
لە داوی خۆشەویستیدا ئەسیر بوو
ئەوین نابینێ بەینی قەوم و دینان
ئەوین نازانێ فەرقی توێژ و چینان
ئەوین دوو دڵ دەکا مەفتوونی یەکتر
لەکن ئەو وەک یەکن ئیسلام و گاور
ئەوین خاتوو زڵێخای نەرم و ھێدی
دەکاتە دیلی عەبدی زێڕ خریدی
ئەوینە شێخی سەنعانی غەیب زان
دەکاتە گاور و شوانی بەرازان
***
ئەگەر خاتوون گرفتاری ئەوین بوو
ئەوینی لاوەکە زیاتر بەتین بوو
گڕی گرتبوو دەروونی پڕ لە جۆشی
لە تاوانی نەمابوو ھۆشی خۆشی
لە سوێی ئەو شۆخە ئۆقرەی لێ بڕابوو
لە ژیندا ژان و ئێشی پێ بڕابوو
ئەوینی ئەو دووانە دوور بە دوور بوو
کە دیواری قەڵای میری سنوور بوو
سنوور و شوورەو و تامان و پەرژین
لە تامەزرۆی ئەوینێ تاڵ دەکەن ژین
قەڵا سەخت و حەرەمخانە پڕاوپڕ
دەرک گاڵەدراو و دەرکەوان دڕ
مەگەر باڵدار بەسەر کۆشکا فڕیبا
مەگەر لێمشت دڵی شوورەی دڕیبا
مەگەر ڕۆژێکی بەزمی بایە خوونکار
کوڕیشیان بردبایە لێ بدا تار
لە درزی پەردە دیبای بەژنی یاری
لە سیحری تێپەڕاندبا سۆزی تاری
***
زەمان ڕابرد، پتر بوو ھەستی دۆستی
بەڵێ ھەستە کە میر نایەن دەرۆستی
لە دەوری ھەستی کەس ناکێشرێ شوورە
خەیاڵیش شارەزای پشتی سنوورە
***
ھەراسان بوو کچی میری بە جارێ
گوتی: «بەسیەتی با ڕاسپێرمە یارێ»
ژنێکی ڕاسپاردە کن ھونەرمەند
«ئیتر ئەو بێ بەشی و سووتانە تا چەند؟!
خەمی دووری نەخۆین، ھەرچی دەبێ، بێ!
دەبا بێ و بڕۆین، ھەرچی دەبێ، بێ!
وەڕز بووم لەو ژیان و پنج و مۆرە
بە ئازادی بژیم تاوێکی زۆرە
ھەموو زێڕ و جل و نۆشین و خواردن
فیدای تاوێ دەگەڵ ئەو ڕابواردن
ھەتا کەی مەینەتی دووری بچێژین!
ھەتا کەی بووکی ئاواتمان بنێژین!
ھەتا کەنگێ خەیاڵ بگرینە باوەش!
بلەرزێنێ مچوڕکی بێ بەشی لەش!
ھەتا کەی ئەو نەبینم تێر بە چاوان!
لەسەر من داخرابێ دەرکی باوان!
ھەتا کەی داخرێ سینگ و بەرووی من!
ھەتا کەی نەشکێ تاسە و ئارەزووی من!
دەبا بێ و ڕوو بکەینە دوور وڵاتان!
نەجاتم دا لە نێو شوورە و قەڵاتان!
ئەگەر مەردە، بە جەرگە، پاکە، سەرباز،
دەبا بێ و من بکا لەو بەندە دەرباز!
نزا و پاڕانەوە و گریان و ناڵە
چ سوودێکی ھەیە، نووشتەی بەتاڵە
نەبێ باکی لە خوێڕیی دیوەخانان
بە پیاوان دێنەدەر گەوھەر لە کانان
بە زۆر بشکێ دەبێ دەرکی قەڵایە
دەنا ئەو دەرکە بۆ کێ ئاوەڵایە»
***
ئەوەی بیست لاوۆ گەشکەی گرت لە تاوان
گوتی: «ئامادە و سازم بە چاوان
دڵم ناوێ نەبێ قوربانی نازی
سەرم ناوێ نەبێتە بەردەبازی
ئەوا بۆی ئاوەڵایە باوەشی من
بەسە بۆ من کە ئەو بێتە بەشی من
لە ڕێی ئەودا بەخت کەم گەر ژیانم
بە سەربەرزی و بە شانازیی دەزانم
لە پێناوی ئەوا گەر بچمە سەر دار
لە ژێر پێمدا دەبینم مەزن و سەردار»
***
شەوەزەنگێ بە زەبری زێڕ و بەرتیل
کراوە دەرکی زیندان بۆ کچی دیل
کچە گۆڕیەوە کۆشک و تاج و تەختی
دەگەڵ ئازادی و ئازار و سەختی
بە جووت ڕۆیین دەگەڵ یاری وەفادار
بەرەو موڵکی ئەوین و ژینی ساکار
سنووریان ھەڵبوارد و چوونە شارێ
لەوێش فەرمانڕەوا بوو نابەکارێ
لەوێش میرێکی زاڵم کاربەدەس بوو
لەوێش بێ چاووڕوویەک داربەدەس بوو
لەوێش زیندان و بەندیخانە پڕ بوون
گزیر و پاسەوان شوێن گێڕ و دڕ بوون
لەوێش ھەر سەربزێوی باسی سەر بوو
لەوێش دنیا بە کەیفی بێ ھونەر بوو
لەوێش ناپیاوی بازاڕی گەرم بوو
لەوێش باو باوی پیاوی بێ شەرم بوو
لەوێش پیسکە و درۆزن کاری باش بوو
لەوێش مەردایەتی و پاکی لە پاش بوو
کوڕ و کیژی لەباری پاکی ساکار
لە ڕێی ژینا لەوێ بوونە کرێکار
لە بۆ نانێک و بۆ یەک تۆزە پێخۆر
یەکێکیان بوو بە پاڵە و یەک بە جلشۆر
ئەگەرچی زۆر گران بوو ئەو ژیانە
بەڵام کەیفی ھەبوو بەزمی شەوانە
بە ڕۆژ ئاوارە بۆ پێخۆر و نانی
بە شەو دەستەملان بوون تا بەیانی
لەشی ناسک کە ئازاری دەبینی
زمان دەیگوت ژیان چەند نازەنینی!
لە دنیادا نەبینرا نۆشی بێ نێش
کەسێک خۆشیی دەوێ حازر بێ بۆ ئێش
***
ئەمیریان کرد کە لەو کارە خەبەردار
بە خۆی دادا وەکوو ورچی بریندار
بە ڕقدا چوو بە ناھەق خوێنی ڕشتن
گزیر و دەرکەوانی گرت و کوشتن
ھەمیشە دەیگوت: «ئەی ئەو ئابڕووچوونە
شتی وا نەیبووە وێنە و نموونە
کچی من بێ بە جووتی بۆرە پیاوێ،
دەکوژرێ، خۆی لە ماڵی کابە باوێ!
دەبێ من چۆن بژیم و چۆن بمێنم!
لەنێو ھاوشانی خۆمدا سەر ھەڵێنم!
کچی من ھەڵگرن، وەڵڵاھی جوانە!
کچی من بۆ کچی گاوان و شوانە!؟
لەنێو مسکێنی خۆم دەبمە پڵیتە
نەکوژم ئەو ھەتیوە و ئەم سەڵیتە
نەیانھێڵم دەبێ لەو سەرزەمینە
لە شانم دادڕم ئەو پینە شینە
وەکارخەم دەستەڵات و ھێزی زۆرم
بە خوێنێ ئەو پەڵە و نەنگە وەشۆرم»
***
بە ڕێی کردن گەلێ شەیتان و شۆفار
ھەتا بیکەن لە حاڵی وان خەبەردار
توولەی شوێنگێڕی بەردانە مڵ و مۆ
وەکار کەوتن لە ڕاوێچکە و لە بابۆ
چ ناپیاون ئەوانەی سوودپەرستن
دژی خاوەن دڵی شەیدا دەوەستن
چ سپڵەن ئەو سەگانەی گورگەمێشن
کەلاک بۆ گورگی برسی ڕادەکێشن
***
گەڕان شۆفارەکان قوژبن بە قوژبن
وڵاتیان دا سەراسەر سەنگ و سووژن
گەڕان شار و گەڕان دێھات و ھۆبە
ھەموویان پشکنی نۆبە بە نۆبە
گەڕان کێو و چیا و ئەشکەوت و زەندۆڵ
گەڕان کادێن و کەندوو و ئاخوڕ و ھۆڵ
سەروشوێنیان نەبوو پەیدا لە ھیچ کوێ
کەسێ نەیدیبوو دوو شەیدا لە ھیچ کوێ
بە میریان ڕاگەیاند وەک ڕۆژە ڕەوشەن:
کە «لێرە نین، پەڕاندوویانە کەوشەن»
گوتی: «پێتان دەدەم ئەمجارە فەرمان
بچن بۆ وڵاتی دوور و دەوروبەرمان
بڕۆن و ڕامەوەستن، ھیچ مەترسن
ھەواڵی ئەو دووانەم بۆ بپرسن
لە ھەر کوێیە ھەبن بیاندۆزنەوە بۆم
وەکوو تاژیی بەکار بیانقۆزنەوە بۆم
«دەدەم پارە و خەڵاتی باش بە ئێوە
کە بۆم دەردەس کەن ئەو دوو سەربزێوە
لە بان ھەوران بژین یا تەختی بەحران
لە داویان خەن بە فێڵ و فەند و مەکران
گوتوویانە کە خزمەتکاری چاکی
دەبێ وەک داڵ بکەی بۆنی کەلاکی
لە ئێوە کار و تێکۆشان، لە من ماڵ
دەتانھاڕم بەسەریانا نەبن زاڵ»
***
قەڵای میران بەدەس ناکەس دەنەخشێ
کە «دار ھۆرەی لە خۆی بێ زوو دەقەڵشێ»
ئەگەر زێڕ و دراو دەوری نەبووبا
بلووری ژین دەبوو غەوری نەبووبا
ئەگەر پارە نەبووبا بیروبڕوا
دەبوو زاڵم لە کوێ وا دەستی بڕوا؟
ئەگەر خوێڕی نەکا میللەت فرۆشی
لە خۆی نابینێ زاڵم خێر و خۆشی
ئەگەر ئەسپی غەرەز ناوێ قەڵەمباز
بگاتە جێی وەزیرێ ڕەنگە سەرباز
کە فیل و ڕوخ نەکەونە کلکەسووتە
مەلیک ماتە بە دەستی پیادە ڕووتە
بە من ئەو ھێرش و زەبر و زوڵم و زۆرە
بەشی زۆری گوناھی مفتەخۆرە
***
بڵاوبوون خێڵی شۆفارانی بێ عار
لەدوای دوو ئاشقی لاوی فیداکار
گەڕان شار و وڵاتی دوور و نێزیک
دووان بە زمانی فورس و تورک و تاجیک
یەکێک بووە مارگر و یەک بوو بە دەروێش
یەکێک بووە حافز و یەک بوو بە دەسکێش
یەکێک بووە لۆتی و یەک بوو بە چاوەش
یەکێک بووە سواڵکەر و یەک بوو بە جاکەش
خەیابان و شەقام و ڕێگەیان گرت
ھەموو جێیان تەنی، گشت جێگەیان گرت
کچ و کوڕ بێ خەبەر لەو تۆڕە داوە
خەریکی کاری خۆیان بوون لە لاوە
ئەگەرچی ڕووت و پێخواس بوون و برسی
بەڵام کەم کەم نەیانمابوو مەترسی
بە سەربەستی ژیانی سەر حەسیری
بە قوربانی بێ تەخت و بەختی میری
چ خۆشە سەربڵندی و بێ نیازی
بە ئازادی بخۆی نان و پیازی!
دەڵێن یارێ گوتی جارێ بە یاری:
«گەڕیدەی شارەزای زۆر گوند و شاری
لە ھەمووان خۆشتر و جوانتر چ جێیە؟»
گوتی: «ئەو جێیە خۆشە یاری لێیە»
کە دڵ خۆش بوو دڵۆ با دەربکا دەست
شەکەت بێ با لەش و ئاسوودە بێ ھەست
دەسێک بکرێ بە شەو لە ملی نیگارێ
بە ڕۆژ ماندوو ببێ با ھەر لە کارێ
دەس و پەنجێک کە بوکشێ جووتە مەمکێ
جەمام نابێ بە کارێ تاکوو نەشکێ
کە لێو بمژێ شەوانە لێوی دڵدار
بەڕە! کێشانی ڕۆژێ ناگرێ بار
کە شەو تێر ماچ و مووچ و گازە کوڵمە
چبوو سووتاو و تاوانگازە کوڵمە
کەسێکی چێژی ئازادی بچێژێ
لەوەی باکی نییە ئارەق بڕێژێ
بە بێ ڕایەخ شەوێ ئاسوودە دەنوێ
کرێکارێ کە یار پشتی بھەنوێ
بەبێ پێخەف شەوێ گەرموگوڕە لەش
کە یاری نازەنین بگرێ لە باوەش
کە شەو دایماڵی پەنجەی یاری جوانی
بە ڕۆژ با ھەر جدەو بێ پیل و شانی
کە سۆزی عیشقی وان ھەردەم پتر بوو
ھەموو تاوێکی عومرێکی خدر بوو
***
لەنێو شۆفارەکاندا خواجەیەک بوو
عەجەب زیانی خورۆ و پیرە سەیەک بوو
ئەمیر بۆ پاسی نێو ماڵی کڕیبوو
نموونەی پیاو خراپی و دەم شڕی بوو
کە خۆی بێ بەش لە خۆشیی ژین کرابوو
ھەموو دەرکی ھومێدی داخرابوو
کە شەوقی عیشق و دڵداریی نەدیبوو
کە گەرمیی باوەشی یاری نەدیبوو
کە زیبک و غیرەتی مێریی نەدیبوو
کە خۆشیی پیاوەتی و نێریی نەدیبوو
***
دەروونی پڕ گریمانە و حەسەد بوو
ھەتا حەز کەی بەخیل و شووم و بەد بوو
کە کوشتی پیاوەتیی ئەو دەستی تاوان
ھەقی خۆی بوو ڕقی زۆر بێ لە پیاوان
کە وەک یەک بوون ژن و گاشە لەکن ئەو
نەبوو باکی بدا ئازاری ژن ئەو
چلۆن بڕوا ئەکەن ئینسانی بێ بەش
نەبێ بێ ڕەحم و بێ ئینساف و دڵڕەش
کە ئینسانێک وەکوو حەیوان خەسیبێ
نییە سەیر گەر نموونەی ناکەسی بێ
بە ئەمری میر ئەویش خۆی کردە سواڵکەر
گەڕا شار و وڵاتان ئەمسەر، ئەوسەر
ھەتا ڕۆژێکی خواجەی دڵڕەقی پیر
لە ماڵێک دوور بە دوور ناسی کچی میر
تەماشای کرد جلوبەرگی دڕاوە
سەر و پۆتڕاکی ئاڵۆز و بڵاوە
بەرۆکی ئاوەڵایە، سینگی ڕووتە
سەری ئەو کوڵمە ناسکەی تاوەسووتە
ھەڵی ماڵیوە تا ئانیشکی بۆ کوڵ
دەڕێژێ ئارەقە زەنگوڵ بە زەنگوڵ
کەچی شادیی لە نێو چاوان دەبارێ
کچی میرە و شەرم ناکا لە کارێ
سەری سووڕما بوو ئەو کابرا نەزانە
چلۆن گۆڕاوە ئەم دەور و زەمانە
«تەماشای ئەم ژیان و ڕێ و شوێنە
ڕەسەن زادە و کوڵ و ئەسپۆن و سوێنە
بەدووی کارا گەڕان کووچە بە کووچە
لە بۆ خاتوونی وا تاوان و سووچە
بە شیر و شەکری پەروەردەکراوە
لە کۆشک و سەرسەرایاندا ژیاوە
ھەمیشە خاوەنی کۆیلە و کەنیز بوو
جلوبەرگی ھەتا حەز کەی تەمیز بوو
ئەوی دەستووری دابا جێبەجێ بوو
لە خۆی زیاتر لە ژووری کۆشکێ کێ بوو!
دەیانکرد باوەشێنی ئەم بەر، ئەو بەر
لەبن سێبەر کچی نەشمیلی ئەسمەر
کەچی ئێستا لەبەر سوورە ھەتاوێ
پەڕۆ شۆری دەکا بۆ نان و ئاوێ
مەگەر باوکی پەکی کەوتووە لە تاڵان
کە ئەو ئێستا دەکا جل شۆریی ماڵان
دەبێ خواردبێتی مێشکی گوێدرێژێ
دەنا بۆ نانی چۆن ئارەق دەڕێژێ
ئەوی بۆ ئەو کرا، بۆ کێ کراوە؟
بە خوای وادیارە نووشتەی لێ کراوە»
***
ئەوەندە تەسکە بیری گەندە پیاوان
دەکەن فەرقی کچی میران و گاوان
دەڵێن: کەنگر و قوماش نابن بە وێڵداش
قسەی کەونە پیاوانە و قسەی باش
دەسەلمێنن بە پیاوی گەوج و سادە
کە: سوار ھەر سوارە، پیادەش ھەر پیادە
کچی میران دەبێ لیران وەخۆ خەن
کچی گاوان دەبێ پووشکان وەکۆ کەن
کچی میری دەبێ خۆشی ببینێ
کچی شوانی بچێتە نان چنینێ
***
کچی میری دەبینی باش و ئەفسووس
کچی میر نەیدەبینی پیرە جاسووس
دەمەو ئێوارە ڕزگار بوو لە کاری
گەڕاوە جا بەرەو ئامێزی یاری
بەڵام جاسووسی پەستی شوومی ناپیاو
بەدوای ئەودا دەچوو ھەنگاو بە ھەنگاو
تەماشای کرد کە لاوێکی قوڕاوی
لە ڕێگایەی بڕیوە سیلە چاوی
کە یاری دەرکەوت بێ ترس و پارێز
بەرەو پیری فڕی گرتی لە ئامێز
لە ھیچ کوێ دای نەنا تا بردیە ژوور
ئیتر ڕووی کردە ئەم ژوورە خودای نوور
***
ھەڵی نا جێی ئەوان و وەک کڕێوە
لە لاقانی وەرێنا ھەر لەوێوە
ترەختان و ڕکێفکوت کەوتە ڕێیە
لە خەڵکی وایە «کابرا ئاوری پێیە»
لە سوێی ماڵ و دراوی باڵی گرتبوو
خەیاڵی موڵک و ماش و ماڵی گرتبوو
ھەمیشە وایە کاری پیاوی نامەرد
کە سوودی خۆی دەکا تەنیا بەراوەرد
لە خۆی ڕازی بکا ئەو میری خوێنخۆر
دەروونی ئاشقان با بێنێ ناسۆر
خەڵک تووشی بەڵایە بێ جەھەننەم
کە ئەو گیری کەوێ دینار و درھەم
ھەتیو بار سووک نەبێ با باری قورسی
نەیێتە خوار جەنابی ئەو لە کورسی
بە کوچکێوە بدا جەرگی ژنی پیر
ھەتا چەنگی لە جێگایەک ببێ گیر
بەوی چی چیی بەسەر دێ پیاوی بێ کەس
کە ئەو پارەی دەوێ و پارەی دەوێ و بەس
بە وی چی ماڵی خەڵکی بێ خودان بێ
کە ماڵە جوانەکەی ئەو ئاوەدان بێ
بە کوشتن دا خەڵک ئۆردوو بە ئۆردوو
پەکی پێ ناکەوێ ویجدانی مردوو
***
بەتاڵووکە گەیشتە دەرکی میری
بە گورجی خۆی گەیاندە کن گزیری
گوتی: «زەحمەت نەبێ پێی ڕاگەیێنی
ھەمە عەرزێک و عەرزێکی نھێنی
گرنگە عەرزەکەم، ڕازێکە ڕەنگ بێ
ھەتا زووتر خەبەردار بێ درەنگ بێ»
***
ئەوەندەی پێ نەچوو بردیانە کن میر
گوتی: «ئەی میری خاوەن ڕاو و تەگبیر
لە زیادی بێ ھەمیشە بەخت و ھاتت
پتر بێ و ھەر پتر بێ دەستەڵاتت
بە جێم ھێناوە ئەرکی بەندەگیی خۆم
تەماڵم دیتەوە، من نۆکەری تۆم
لە سایەی تۆوە خاین بیندراوە
چییە فەرمانی گەورەم، وەختی ڕاوە»
ئیتر نامەردە پاشەوپاش کشاوە
لە خۆشییان ڕەنگ و ڕووی میری گەشاوە
ھەرای کرد: «کێ لەوێیە بێتە ژوورێ»
بە جارێ داوەرین چەند زرتەسوورێ
گوتی: «ئێوە کە خزمەتکاری خاسن
ھەموو ئەو نۆکەرە باشەم بناسن
بکەن ئێستا سەراپا زێڕ وەشانی
خەڵاتی گەورەیی دادەن بەشانی»
***
وەکۆی کردن لە پاشان گەورە گەورە
ھەموو دەستەونەزەر وەستان بە دەورە
چ گەورە گەورە؟ بەندە و گوێ لە مست بوون
بەرەو ڕووی ئەو تەواو بێدەنگ و ھەست بوون
قسەپان و ڕەزاگران و دەغەڵکار
درۆزن، دووزمان، پەتیارە، بێ عار
بەگژ خەڵکا دەچوون وەک نەڕڕە دێوی
کە ئەو دیار با دەبوونە دێڵە ڕێوی
کە ئەو دەیگوت: «ئەرێ چبکەین بەیانی؟»
دەیانگوت: «گەورەمان بۆ خۆت دەزانی»
گوتی: «ئەی گەورە گەورەی بارەگای من
بڵێن ئێستا چییە تەگبیر و ڕای من؟
دەڵێن ئەو دوو کەسەی لێرە ھەڵاتوون
لە پاتەختی وڵاتێ نیشتەجێ بوون
کە دۆستی خۆمە میری ئەو وڵاتە
ئەمیرێکی بە زیبک و دەستەڵاتە
دەڵێم چەند کەس لە ئێوە ھەڵبژێرم
بچن، سەوقات و دیاریی بۆ بنێرم
بە نامە لێی بخوازم ڕانەوەستێ
دەس و پێی ئەو دوانەم بۆ ببەستێ
بە ڕێیان کاتەوە بۆ دەرکی ئێمە
من ئامادەم ئەویش گەر کاری پێمە»
گوتیان: «صەددەق! قسەی میری تەواوە»
گوتی: «ئیتر قسەم پێتان نەماوە»
***
شەوێکی ڕەش وەکوو بەختی ئەسیران
وەکوو دواڕۆژی زۆردار و ئەمیران
نە مانگ دیاربوو نە ئەستێرەی گەش و جوان
ترووسکەی لێ بڕابوو ئاگری شوان
دەروونی پیاوخراپانە شەوەزەنگ
کە داخنرێ بە بوغز و کینەو و ژەنگ
بە ڕواڵەت کش، بەڵام پڕ کارەساتە
ھەزاران ڕازی تێدا گەرچی ماتە
لە کۆشک و گرتووخانەی دەرکەبەستە
یەکێک مەستە، ھەزاران زار و خەستە
لە لایە لاو دراونە بەر شکەنجە
لە لای دیکە سەمایە و لار و لەنجە
لە کونجێ بێوەژن دەگری و دەناڵێ
لە کۆشکێ بادەگێڕە چاو کەژاڵێ
لە سووچێ باب لە سوێی ڕۆڵەی دەسووتێ
لە قەسرێکی دەڕەقسێ نیوەڕووتێ
کچی بێ بەش لە ژوورێ ئەشکی دەسڕێ
کوڕی ئاغاش بە پارە جوانێ دەکڕێ
ھەتیوی برسی چڵمی ھەڵدەلووشێ
کوڕی شێخ ئارەقی نابڕێ لە شووشێ
لەلایە چارەڕەش کەوتووە لە کۆڵان
لەلایە پارە بەش دەکرێ بە کۆڵان
لەلایە جامی بادە پڕ کراوە
لەلایە داری ئیعدام ھەڵخراوە
بەڵێ ڕاستە قەڵای مێرانە شەوگار
بەڵام تێیدا ونە تاوانی بەدکار
***
کچ و کوڕ نووستبوون بێ خەم لە کەپرێ
نەیانزانی کە دارۆغە دەیانگرێ
لە کوێ دڵداری پاکی چاکی ساکار
دەزانێ فێڵ و مەکری پیاوی زۆردار
لە چین بێ یا لە ماچین بێ دیارە
کە ئاغا دوژمنی چینی ھەژارە
لە لای خۆیان ھەیانە غیرەت و ڕەگ
لەھەر شوێنێ ھەبن توخمی دەرەبەگ
لە چین کیژی ئەمیرێ ھەڵبگیرێ
لە ماچین کەسری شانە بۆ ئەمیرێ
لە میران ھەر کەسێکی دڵنیا بێ
لە ژینا تووشی خێر و خۆشی نابێ
نەیانزانی ئەوەی ئێرەش ئەمیرە
خەریکی ڕاو و ڕووت و ڕەش بگیرە
ھەتا لێیان وەژوور کەوتن یەساوڵ
لە خەودا سواری سینگیان بوون نەخافڵ
نەیانھێشت ڕاپەڕن، ببزوون، ھەڵستن
دەس و پێیان بە چۆڵەپێچە بەستن
کە دوایی ھات لەوێ خانەبگیری
بە ڕێیان کردنەوە بۆ دەرکی میری
***
بەیان ئەنگووت و سۆفی تاکە تاکە
گوتیان ھەستین بچینە نوێژێ، چاکە
بڵیند بوو بانگدەری کوێری خەواڵوو
گوتی: «بانگی بەیانی درەنگە یا زوو
«دەبێ زوو بم ھەتاکوو نەبڕێ نانم
«بە بێ دەستنوێژ بدەم بانگی بەیانم»
لە دارکێشی وەژان کابانی نوێژکەر
گوتی: «کابرا دەھەستە جل بکە بەر
کە بارت زوو نەکەی بۆت نافرۆشێ
وە دەستت ناکەوێ پارە و قورۆشێ
کەمی ماوە لەبۆ جێژنی بەراتێ
کراسی نوێ نییە بۆ شانی فاتێ»
ژنی پاڵە گوتی: «ھەستە بەسە خەو
خرابی بۆ نەنووستی، فیلە، ئەمشەو
پەلەت بێ زوو بکە کارێ و بزانە
مەلا فەرمووی کونی ڕۆژی بەیانە»
بەڕەت بردن گەیشتە ژوورێ ئاغا
تخێڵ بوو جا لەنێو بەندی وەتاغا
گوتی: «خانم بشێلە پێ و و دەستم
درەنگ ھاتوومەوە، وا دیارە مەستم»
جەنابی شێخ بە خێزانی دەفەرموو:
«ھەتیوێکی بنێرە خانەقا زوو
بڵێ شێخ نوێژی کرد و نووستەوە بۆی
خەلیفە نوێژی بۆ خەڵکی بکا خۆی»
خەلیفە پێ کەنی و زانی چ باسە
گوتی: «باوکم بە قوربانی بێ، خاسە»
وڵات ڕوون بوو، کتێبی دەستی دانا
خەریک بوو تازە بنوێ لاوی زانا
کە دایکی کردیە ھاوار و فریاد
بە خۆیدا دا، گوتی: «ئەی داد و بێداد!
چبوو تاوانی ئەم جووتە فەقیرە
کە وایان لێ بکا ئەم گورگە پیرە
ئەوە کار بوو کە کردی ئەم یەکانە
پەژارەی خستە شاری بەم بەیانە
بە قوربانت دەبم بینایی چاوان
قوبووڵی بۆ دەکەی تۆ سووچ و تاوان
خودایا بەس بدە دەستی ئەمیری
خەراپە، بەدفەڕە، بۆ خۆت خەبیری
ھەتا کەنگێ دەدەی تۆ بەخت و ھاتی
دەزانی چەند دڕە، نەحلەت لە زاتی!»
گوتی: «دایە! چییە ئەم بۆڵە بۆڵە»؟
گوتی: «ھەستە، سەڵام لێ ڕابوو، ڕۆڵە!
ئەمیر ئەمڕۆ لەداری دان بە جووتە
کچۆڵەی خۆی و ئەو خۆش خوانە ڕووتە
لە شاری کەوتووە ھاوار و گریان
دڵی گەورە و پچووکان بۆتە بریان»
ئەوەی گوت کەوتەوە ئاھ و نزوولە:
«خودایا چەند بەدە ئەم میرە خوولە!
دڵی کوو ھات بکوژێ ئەم گوڵانە!
لە یەکتر کا بە ناھەق ئەم دڵانە!
خودای گەورە! بە دەس خۆتە ھەموو کار
لەسەرمان لا بەرە بێ دادیی خوونکار
لەسەر دڵداری نۆلاوان دەکووژێ!
کوڕ و کیژان لەپێش چاوان دەکووژێ!»
گوتی: «پاڕانەوە بێ کەڵکە، دایە!
نوزوولە قەت دەڕۆستی زوڵمی نایە
نەزانە تاکوو خەڵکی ئەم وڵاتە
بە دەس میرانەوە ئەم دەستەڵاتە
دەئاژۆن، ڕادەدەن تا بلوێ بۆیان
ھەموو کارێ دەکەن بۆ سوودی خۆیان
بپارێزن ھەتا ئەم موڵک و ماڵە
وەبەر پێیان دەدەن مسکێن و پاڵە
ئەوان پێیان بڕێ دەسکەوت و قازا!
بە قوڕ گیرێ دەبا سەد ماڵە کرما!
ژن و پیاو و کوڕ و کیژان دەکووژن
قسە توند و قەڵەم تیژان دەکووژن
ھەتا خەڵکی لە یەکتر وا نەبانن
ئەوان سواریان دەبن، سواریش دەزانن
«ھەتا میرزا حیکایەت خوانی میرە
مەپرسە دایە لەم کوشت و بگیرە
ھەتا کیژی ھەژاران مەشکەژێنە
لە ماڵی وان ھەیە ئەم بێنە بێنە
ھەتاکوو ھێزی ئەم خەڵکە نەجووڵێ
ھەزار پاڕانەوەت دایە بە پوولێ»
کە ژن زانی ئەویش ئینسانە وەک مێر
مەڕی میری ئیتر نایێتە سەر بێر
کە وریابوونەوە پاڵە و کرێکار
دەشێوێ ماڵی میر و مەزن و خوونکار
کە میرزا بوو بە ڕۆشنبیری تازە
حوکم ناکا لەسەرمان میری تازە
ھەزار ڕەحمەت لە گۆڕی بێ کچی میر
قسێکی کرد کە پەندە بۆ کوڕی ژیر
«بە زۆر بشکێ دەبێ دەرکی قەڵایە
دەنا ئەو دەرکە بۆ کێ ئاوەڵایە!
خەبات ڕزگار دەکا کۆیلە و ئەسیران
لە ناخێ ڕادەکا مەزن و ئەمیران
بە ئەفسانەی دەزانن سووڕی دەوران
غوڵام و ورکەخۆری دەرکی گەوران
بەڵام دەوران دەبێ ڕۆژێ بدا سووڕ
لەبەر گەوران نەبێ پشتی خەڵک کووڕ
کە گۆپاڵی خەڵک دەرھات لە خیزی
ئیتر نامێنێ میری گەورە فیزی»
1978/02/01
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھێمن. «ناڵەی جودایی/سووڕی دەوران». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/٢٠.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.