شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
پەسنی خودا و پاڕانەوە
ئەی ھێنەری ھەرد و عاسمانان
ئەی دووری ھەموو ھەڵە و گومانان
بێ ڕۆڵە و داک و باب و کاکی
بی ھاوبەش و تاک و پاک و چاکی
نیتن چ وەزیر و یاریکارێک
لات وەک یەکە پادشا و ھەژارێک
ھەر بووی و دەبیت و پایەداری
چوونت نییە تاھەتا لە کاری
تۆ نەچیە زمانێ لاڵ و پاڵە
بیرت لە دڵا بێ مشتووماڵە
عاسمان و زەوی و مرۆ و فریشتە
ھەرچی ھەیە وردە یا درشتە
دارا و ڕەبەن و بەنێو و بێ نێو
دار و دەوەن و کەژ و بەژ و کێو
چێو و چڵ و چاڵ و نزم و باڵا
چی خۆشە چ تاڵ چ پڕ چ واڵا
ھەر چێکی لە ناخی ئاخ و دەریان
ھی چۆتە بناو ئەوی لە سەریان
بەرھەم بوو بە ھۆی کر و نیگارت
سەرسووڕە جیھان لە کاروبارت
لەو بەرزییە کۆشکی حەو نھۆمە
کۆکۆ لە دەوری ستێرە کۆمە
ھێندێکی چەقیو و ھێند گەڕیدەن
دیارن کەم و زۆری دوورە دیدەن
مانگی گەش و ڕۆژی رۆشنی دەر
شینکەی لە زەوی دەبێتە ڕاخەر
چوار ئالیی و شەش ڕەخی ھەواگر
ماکی گڵ و با و ئاو و ئاگر
خەست و شل و توند و خاو و گشتی
تۆی دانەر و ڕانەری لە گشتی
ھەر یەک لە بەزەت بە پار و پشکە
تیشکت لە ھەچی نەداوە وشکە
داھێنەری پاکی بێ نموونە
تۆی بۆنە ئەگەر نەبوون و بوونە
چی پاشی دەبێ و چ ھات لە پێشین
چی باوەڕی پێت ھەیە و چ بێ دین
ھەر گیان و دڵ و سەر و زمانێک
ھەر یەک لە تە شان دەدا نیشانێک
ھیچ شت نییە تۆی نە تێکەڵاوی
بەرچاوی، ونی، خڕی، بڵاوی
چی زیندووە لاشە، تۆی گیانی
تۆ ژانی، نەماندەری، ژیانی
تۆی خشڵی لە ڕەنگی خۆشەویستان
تۆی کینە لەناو دڵی نەویستان
شیرن دەکەیە شەکر لە پەروێز
فەرھادی لە ژین وەڕێز و پڕ بێز
یووسف دەبەیە پەنای زەلیخا
تا دەست و دڵی بدا بە تیخا
مەجروون و لەیل دەکەیتە ناکام
ڕامین و وەیس لەیەک دەکەی ڕام
دات وامقی شەنگ نیشانی عەزرا
لەسوێی دڵی خەو لە چاوی دەزڕا
پیری لە جھان بە دووری چازان
بۆ کیژێ دەنێریە بەر بەرازان
لولوپەڕی خۆشەویستی نازدار
وات کرد کە لە ڕۆژ ببێتە کڕیار
تۆ دات بە چنار بڵندی باڵا
تاقتاقکەرە وا لە دەوری ھاڵا
دەڕوێنی لە ناو دڕوو گوڵی ئاڵ
بۆی شێت دەبێ بولبولی ژیان تاڵ
ڕەنگان دەخەیە گیا و گڵ و کان
چووکان دەخەیە جرووک و نووکان
گرپێکی دەخەیتە سەر چرایە
دەپڕووزێ پەپوولە بەم ھەوایە
جوان کردنی دڵبەران لە تۆیە
دڵدار کە ھەژار و دڵ بەسۆیە
ئەو دڵتەڕی و ئەوینی دڵگیر
کەزیەی کە لە مل دەبن بە زنجیر
کێ کردی بە یەکتری بەرانبەر؟!
کرتن کە گەش و ڕەشن سەرانسەر
ئاوێنە و ئاو کە دێنە وێنە
جوانیتە لە ڕوونییان ھەوێنە
ئاوێنەیی پێشی توتییانی
کێ دیتی شتێ کە تۆ تیا نی
تۆی دڵ دەگریت و بۆ بەھانە
خاڵ و کەزی دەبنە داو و دانە
تۆ ھەرچی بڵێی ئەوی دەبێژین
چیمان بدەیەی لەوی دەچێژین
دڵخوازی دڵی مە تۆی خودایە
لەو پێوە شتێ لەدەست مە نایە
رێگاھەڵەبوون و شارەزایی
سەرڕشتە بە دەستی تۆن دوایی
ھەرکەس دەتەوێ بچێ بە تاڵان
پابەندی دەکەی بە بسک و خاڵان
ھەر چێکی کە خۆت بەزەت پیاھات
سەربەرزی دەکەی بە ھات و داھات
ئادەم لە قوڕێ پتر نەبووگە
ویستت، لە فرشتە بوو بە ڕووگە
عیسا لە فووێکە دڵ پەسندە
نازدارە، لەپێشە، جێ بڵندە
ئیدریس بووە ئاشنا بە ڕازی
پیرۆزە بە بەختی خۆی دەنازی
ئەھریمەنێ ڕێزی لێ نرا بوو
لای تۆوە بوو ھێزی پێدرا بوو
نوێژی بە ھەزارە دادەبەستن
سەرپێچی نەبوو لە تۆپەرستن
ڕووی دانەنەواند لەبەر کەسی دی
ئادەمپەرسی کەمایەسی دی
بێگانەپەرستی نەبوە پیشەی
بەدبەخت و کڵۆڵە بۆ ھەمیشەی
کردت بە نەمر لە ئاگری سوور
ویستی کە نزیک ببێ کرا دوور
دەرناچێ سەرم لە کاروبارت
کێی وابووە بووبێ ئاگەدارت؟
خواناسی مەزن گوتی بەڕاسی
تۆمان وەکوو تۆ ھەبووی نەناسی
خانی دەبێ چی لە تۆ بوێژێ
گێژێکە سەری دەخاتە گێژێ
لەو بارە خەریک ببێ بە ھەر جوور
ڕێگەی ھەڵەیە و لە تۆی دەکا دوور
جا یاریدەری مەگین خودا بێ
پێغەمبەری سایە دا و پەنا بێ
تۆ خوایەکی گەورە و گرانی
پێغەمبەری ئاشنا کە «خانی»
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/٠٢». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٠/٢٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.