شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
چۆنیەتی و گەورەیی پێغەمبەر
ڕوون بۆتەوە ھەرچی ھەس دوولایە
یان ھەر ھەیە یان لە ھاتنایە
ئەویانە کە ھەر ھەیە خودایە
چی دێت و دەچێ لە دەست ئەوایە
کر گەر بوو دەزانی ھەیشە کرگار
بۆ ھەر شتێ سازکەرێکە ناچار
بڕوانی دەزانی دەفر و ئامراز
وەستایێ نەبێ چلۆن دەبن ساز
کر رۆچنەیی ڕوونی کردگارە
بڕوانی لە خۆت خودا دیارە
گەنجینەیی گەوھەری وەشێراو
پاش پەردەیی کردە دێتە بەرچاو
چی جوان و بەنرخی ئەم جیھانەن
لە جوانی خودای مەزن نیشانەن
ئەم چەند کروکاری بێ بژارە
ویستی لەسەری ھەبن ژمارە
پێش ھەر شتێ کارسازی زانا
ھێنای تەتەڵە و بنووسی دانا
خۆی ئێکەم و ئەو یەکەم گیانە
زانای یەکەمە ‌و نە لێک جیانە
بەڕواڵە کە سێنە ھەر یەکێکن
ھەرسێ وەکو سێ گرێی لکێکن
دای جوانی نەمر برووسکەیەک لەم
پێغەمبەری ئێمە ھاتە بەرھەم
ئەو تیشکی خودایە بۆ ھەمیشە
بۆ ھەر شتێ بۆتە پنج و ڕیشە
گیانان لە گیانی ئەو پەیا بوون
چەند تیرە و ھۆز لەیەک جیا بوون
ھی بەختەوەر و بەرەی بەخت ڕەش
چی ماون و ھەرچی چوونە ناو لەش
سەرپاکی لە تیشکی ڕوونی ئەو بوون
گش ھاتن و بوون لە بوونی ئەو بوون
ھێشتا نە زەوی نە ‌عاسمان بوو
ئەو سەروەری ھۆزی سەروەران بوو
عاسمان و زەوی لەبەر ئەوی بوون
بۆ وی بوو فرشتە سەرنەوی بوون
پێغەمبەرێ بوو لەلای خودا ئەم
پێخوێیەکی قوڕ بوو باوەئادەم
ئەو پەنجەرەیە و خودا دەوێڕا
تیشکی لە دڵی ڕەشی مە گێڕا
شایێ بوو لە بەرگی بێنەوایە
پێغەمبەری ڕۆژگاری دوایە
دیتی لە جیھان نە دین نە باوەڕ
ھەر خواریی و چەوتییە و ھەڵە و گەڕ
خوانی لە ڕەوشتی چاکی دانا
دڵپاکیی و پاکڕەوشتی ڕانا
چی بتپەرسە و چ جوو و چ گەورە
بانگھێشتنی کردە خوانی گەورە
خاقان لە پەنای دەھندەیی وی
ناوبانگی دەچوو بە ‌نان نەدیوی
ھیرقەل نەگەیی بە تۆز و گەردی
قەیسەر سەری خۆی دەدا لە بەردی
قبتی و حەبەش و فەڕەنگ و ڕۆمان
دایانە ڕچەی قەراچ و دۆمان
ئاڵای دەسی ئەو شەکا لە باڵا
کیسرا سەر و لاشی کەوتە چاڵا
چی دین و گەلن لە ناوی بردن
یان تەرت و تونا و بڵاوی کردن
ئاورگی مراند و گاوری کوشت
جێگابتی گش بە ئاگری شوشت
تەوڕات و زەبوور، نەمان لە نێوان
ئینجیل پەڕییە شکەوت و کێوان
عیسا گوتبووی کە مابوو ھێنگین:
پێغەمبەرێ دێ لە ئێوە مزگین
دڵخوازی دەویست بە دەست و بە زمان
شیری لە دەسا بوو دەم بە قورعان
ھەر لەو دەوەشاوە کار و ئاکار
ترسێنەر و مژدەدەر بە یەکجار
زۆرزان بوو لەگەڵ نەخوێندەواریش
زۆر نانبدە بوو لەگەڵ ھەژاریش
شوانێکی ھەژاری بێکەس و کار
چەند تاجی پەڕاند بە تیخی مووکار
بێ لەشکر و چەک بوو سەرزەوی گرت
ھەر خۆزگە بەوەی دەسی وەوی گرت
بۆ جەنگێ کە لەشکری دەکێشا
پێشمەرگە فرشتە بوون لە پێشا
بێ خێوەت و بارەگاھـ و ھەیوان
ھەوران لە سەری دەبوونە سەیوان
دەیدین چ ھەبان لە پاش و پێشێ
کەس نەیدی کە لێی بنیشێ مێشێ
چەند گفتی لە یەک دەما دەبیستن
جیاوازی نەبوو چ سەد ‌چ بیستن
سایەی نەدەکەو‌تە سەر گڵ و خۆڵ
وەداوی دەکەوت گژ و گیا و گۆڵ
دەیدواند لکەدار و بێ گیانان
دەیپرسیەوە دادی بێ زمانان
گیاندار و ژیاوی ھەر شوێنێ
کێ مابوو باوەڕی نەھێنێ؟
بێجگە لە بڕێ کوڕانی ئادەم
تا ببنە بزووتی ناو جەحەندەم
ئیتر لە زەوی و لە عاسمانان
لە فرشتە و ئادەمی و گیانان
کەس نایەتە ڕێزی سەروەری مە
بێ ئەو نییە کەس پەنادەری مە
کێ پەیڕەوی ئەو بێ سەرفیڕازە
شانازی بەخۆی دەکا و بەنازە
ڕێوشوێنی ئەوە کە ڕاستەڕێیە
بیبەیتەسەرێ خودا لەوێیە
پێغەمبەری جوولەکان دەزانن
زانای مە ھەمووی وەکی ئەوانن
پێنسەد زلە پاڵەوانی گاور
سەرپاکی لە جەنگ و کێشە ئاور
بۆ یارێکی ئەو دەبوون بەرەنگار
مردن بوو دەبوو ھەڵێن بە ناچار
لەو بارەوە ھەرچی بەدگوومانن
کێشەی چ دەکەن؟ گەلێ نەزانن
قورعان و وتاری ئەو بڕۆنن
ھۆشیان ھەبێ تێبگەن کە چۆنن
چوار یاری چلۆنی ھەڵبژاردوون
فەرمایشی چۆنی ڕاسپاردوون
ئەی شای مەزنی بڵندپایە
عاسمان و زەویت لە بەر دەسایە
چۆن ڕێم دەکەوێ بدەم پەسەندت
خوای گەورە دەدا پەسەندی ڕەندت
تۆزێ لە پەسەندی تۆیە یاسین
بەو بۆنەوە ئێمە تۆ دەناسین
خۆی سوێندێ بە تۆ بخوت چ ماوە؟
ڕێگا لە زمانی من بڕاوە
گەر ئێمە ھەمان بێ سەد ھەڵە و سووچ
سەدجار بگەڕێین لە دووی پڕوپووچ
ھێشتا لە بەزەت ھومێدەوارین
بەخشندە ئەتۆی و ئەم ھەژارین
«خانی» کە گەلێ گوناھکارە
ناپاکە، نەزانە، نالەبارە
ھیوای ھەیە پێت کە لێی ببووری
لەو ڕۆژی ژمارە نەگری دووری
ناتوانێ لەڕێوە سەربەخۆ بێ
با پەیڕەوی یارەکانی تۆ بێ
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/٠٣». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٨/٢٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.