شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
پێغەمبەر دەکاتە تکاکار
ئەی بۆنەیی بوونی دوو جیھانان
میوانی خودا لە عاسمانان
شابازی و پاتەخت مەدینە
شانازی بە تۆیە ئەم زەمینە
لە وزەی ھەموو کەس بەدوورە کردەت
قامک دەنوێنی مانگ دەبێ لەت
ئامادە کراوە ئەسپی باڵدار
داخوازە بەدڵ کە تۆی ببی سوار
تیژتر لە برووسکەیەک بەڕەوتە
سەرداری فرشتە پێشجڵەوتە
نۆ بەرزی و ھەرچی وا لەوێیە
پێشوازن و گشتی چاوەڕێیە
جێ بێڵە بڵندی عاسمانێ
نیزیکی خودا بە ژێ کەوانێ
بەو جێ کە دەچی کەسێ نەگەیوە
بێ پەردە دەگەڵ خودا بپەیوە
بخوازە، نیاز ڕەوا دەبن بۆت
بیدوێنە گەلێ لەمەڕ گەلی خۆت
دەسکاری ئەوین لە خاک و خۆڵین
گەر بەختەوەرین و گەر کڵۆڵین
نیازی ئەوە گەر ھەبین و گەر بووین
ڕێمان کە نیشان نەدا لەدەست چووین
ھێزی ئەوە ھێز و پێزی پێداین
ھەر خۆی لەبەرێوە ڕێزی لێناین
ئەو بەو پلەبەرزییەی گەیاندین
خۆی ڕازی گرینگی تێگەیاندین
دەیزانی زەبوون و ناتەواوین
ئەم ڕازە گرانە ناتوانین
بۆ کردەوەمان لە ڕۆژی پێشا
ھەر خۆیەتی ڕێوشوێنی کێشا
دەسکردی ئەون بەدین و گاور
لای چەشنی یەکن بەھەشت و ئاور
ھەرچەن بەڕواڵە لێک جیایە
ھەریەک ڕەوشێکی وی تیایە
سووچمانە لە بەخشش و بەزەی ئەو
بێباوەڕی تاوی تووڕەیی ئەو
ئاورگ و بەھەشت لەمێژە چێ بوون
ھەر شت بەری ئێمە جێبەجێ بوون
ھەوری بەزەیی کە بێتە ڕێژن
بۆ یار و نەیار دەبێتە جێژن
گەر تووڕەیی بێتە ڕوو بە یەکدەم
گڕ دەگرێ بەھەشت وەکوو جەحەندەم
گەر گاور و گەر گوناھبارین
گشتمان لە بەزەی ھومێدەوارین
دەریای بەزەیی دەبا بجۆشێ
چەوتی و ھەڵەیی مە دابپۆشێ
تۆ شوانی و ئێمە پەز لە پەیتان
وەک گورگە ددانی چیڕە شەیتان
ڕێگەی مەدە کێس لە ئێمە بێنێ
ھەر دەرفەتی بێ دەمانڕفێنێ
کارێ مەکە ئەو بە ئێمە خۆش بێ
گۆڕی ئەوە بێبەش و پەرۆش بێ
ھەر خۆی بکرێتە دەستەچیلە
لەو ئاگری پڕ پەرەنگ و ژیلە
ڕزگاری ببێ بەرەی گوناھبار
بۆیان لە خودا ببە تکاکار
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/٠٤». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/٢٠.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.