شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
بەدبەختی کوردان دەڵێ و بە مەردایەتیاندا ھەڵدەڵێ
مەیگێڕ وەرە تۆ خودا دەسا دەی
بۆم تێکە دە جامی جەم قومێ مەی
تا پیاڵە لە من جیھاننوما بێ
دڵخوازی مە گشتی ئاشکرا بێ
ڕوون بێتەوە بۆم شتی نھێنی
پرسێکی گرانە بۆم ھەڵێنی
ڕێوشوێنی وەھایە چەرخی گەردوون
نەویایەتییە لەپاش بەرز بوون
بەدبەختی سەری لە ئێمە داوە
تۆزکاڵێ کەمایەسی نەماوە
ئاخۆ دەبێ ڕوو بکاتە کەم بوون
یا خۆ ھەر ئەبێ بە مانی گەردوون
تۆ بڵێی کە ھەڵێ چ زوو چ دێرێک
بۆ ئێمە لە ئاسمان ستێرێک؟
بەختی مە لە خەو ھەڵستێ جارێک
جارێک بکەوێتە کاروبارێک
لێن ھەڵبکەوێ جیھانپەنایەک
پەیدا ببێ بۆ مە پادشایەک
بۆ نووکی بنووس پەیا بێ مایە
شیری ھونەری مە بێتە کایە
ئەم بەختەڕەشەی لەسەر مە ڕاکا
کوردیش لە جیھان برەو پەیا کا
بۆ مەش کە ببایە سەربڵندێک
زۆرزان و بەبیر و مەرد و ڕەندێک
نەخشێ لە دراوی مەش درابوو
بێ نرخ و چرووک و باو نەمابوو
بێ سۆیە کە زێڕ و زیوی ساکار
نرخی نییە چەشنی ھی نیشاندار
بۆ مەش کە ھەبایە پادشایێ
خوا تانجەکی پێ ببەخشیایێ
پەیدا دەبوو ڕێز و گەورەیی و ناو
ڕەنگ و کری مەش دەھاتە بەر چاو
ئێمەی لە کەساسی دەردەھێنا
بێستانی ھیوای وەبەر دەھێنا
ترکان نەدەبوون بەسەر مەدا زاڵ
بۆ کوند نەدەبووینە لانە و ماڵ
چۆن بۆ عەجەمان دەبووینە ژێردەست؟
ژێردەستی شتی وەھا نەوی و پەست
ھەر ڕۆژی بەرێ خودای توانا
ڕۆم و عەجەمی لەسەر مە دانا
بێ شەرمییە ژێردەسی ئەمانە
ئەم شەرمە لە پیاوە گەورەکانە
شوورەییە لە میر و نامداران
سووچیان چییە ھۆنەر و ھەژاران
کێ دەستی درێژ بکاتە شیری
ھەرچی بیەوێ دەخاتە گیری
ئەم بووکی جیھانە بۆ کوڕێکە
شیرێکی بە دەست و شێردڕێکە
خشڵ و جل و شیرنی و نیشانی
بەخشینە بە بیر و ڕێگەزانی
پرسیم لە جیھان ڕەقی لە بەردی
نەرمیت بە چییە؟ گوتی: بە مەردی
دنیا کە وەھا بە بەخشش و شیر
بۆ پیاو دەسەمۆ دەبێت و دەسگیر
سا خوایە لە تۆ سەیر دەمێنم
لەو گێژە چلۆن سەرم دەرێنم
کورد چۆن دەبێ دیل و چارەڕەش بن
کەی ڕاستە لە خۆشی دوورەبەش بن
بۆ بەخشش و دڵ بە ناو و دەنگن
شێرن لە ھەرا، پڵنگی جەنگن
دەستڕژدی ئەمانە حاتەمێکە
ھەر گوردێ لەوانە ڕۆستەمێکە
بۆ ڕۆم و عەجەم وەکوو دیوارن
ئەم ھۆیە کەوا کز و ھەژارن
گۆپاڵی دەسی ئەوانە ئێمەین
بۆ تیری بەڵا نیشانە ئێمەین
خۆیان لە گەڕ و ھەرایە دوورن
کورد بەند و کلیلی سەرسنوورن
یەک ھێرشی بۆ سەر ئیدی بێنێ
ھەر کوردە دەبن شەڵاڵی خوێنێ
ئازایی و بەخششێ بپرسی
مەردایەتیی و دڵ و نەترسی
ھەر بۆ کوڕی کوردسان ھەیە و بەس
نەدراوە لەبەر ئەوان بەشی کەس
ھێندەی کە بەجەرگ و دوورەترسن
کەمتر لە بەیەک گەیین دەپرسن
کەس بۆ کەسێ نابێ چاودەبەر بێ
ھەرکەس دەیەوێ زل و لەسەر بێ
لەم سەرڕەقییە و دەماری زلیان
بێگانە دەبن سواری ملیان
ھەر خۆیەتی زل، کەوە و ڕەش و بۆر
ھەر بۆیەیە بوونە ھێزی خۆخۆر
کوردیش کە ببایە یەکدڵ و دەست
دەستیان دەکەوت ژیانی سەربەست
ڕۆم و عەرەب و عەجەم سەروبەر
بۆ ئێمە دەبوونە عەبد و نۆکەر
پەیدا دەبوو باو و گەورەیی و ژین
ناومان دەرئەکرد بە بیر و زانین
جیاواز دەبوو گفتی پاک و ناپاک
پڕ نرخ و بەڕێز دەبوو شتی چاک
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/٠٥». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٨/٢٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.