شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
ھۆی ئەم نووسینە و داد لەدەست گەردوونی چەپگەڕ
تۆمەز لە وڕی و نەزانی خانی
دەشتی ھونەری بە چۆلگە زانی
واتا نە بە زیرەکی و بە ژیری
سەربەرزیی ھۆزی ھاتە بیری
لاساری ھێنانەبەر، بەسەرچوو
با پێشی بڵێن لە ڕێگە دەرچوو
پاڵاوی ڕژاند و تڵتی نۆشی
وەک فارسی وا زمانی خۆشی
ھۆنیویەتەوە بە بەند و ساڵێک
بۆی ماندوو بووە بەھۆی خەیاڵێک
بێگانە نەڵێن کە کورد نەزانن
بێ نووسەر و ھۆنەر و زمانن
پێمان نەڵێ وێژەوانی بیرورد
دڵداری نەبوو لەنێو گەلی کورد
کوا؟ ئێوە نە دڵتەرن نە دڵبەر
لەم ڕێگە نە ڕێڕەون نە ڕێبەر
بێبەش لە گرەی لەشی و گیانی
دڵڕەش لە ئەوینی ڕاستەقانی
کورد ھێندە نە گێل و گێژ و کاسن
داخم ئەوە بێکەسن، کەساسن
ژیر و بەدڵن گەلێک دەزانن
بێ خێوییە بێ سەر و زمانن
بۆ مەش کە ھەبایە خێو و سەردار
بەخشندە و ژیر و زیت و وشیار
ژیری و ھونەری بەدڵ کڕیبا
ژەنگی لە دڵی ھەژار سڕیبا
من ئێستە لە کۆڕی وێژەوانان
ئاڵام دەشەکا لە ئاسمانان
دەمخستەوە ژین مەلای جزیری
پێم زیندوو دەبوو عەلی حەریری
وا شاد ئەبوو پێم فەقیھی تەیران
گیانی بە فڕین دەھاتە سەیران
چ بکەم! کە گەلێ کەسادە بازاڕ
کووتاڵەکە باشە، نیمە کڕیار
پایەی ھونەران بە پارە بەندە
ھەرکەس کە ھەژارە کاری گەندە
ھەرکەس کە لە ڕێی دراو و قۆشە
سەرخۆشە، نەخۆشە دڵپەرۆشە
زانستێ ھەموو بدەی بە پووڵێ
پێت وا نەبێ کەس دەسی بجووڵێ
کەس ناکا بە مەیتەری خۆ جامی
ڕاناگرێ بە نۆکەری نیزامی
دیتمان کە جیھان وەھا شێواوە
ھەر جەنگ و ھەرا لەسەر دراوە
ویستم کە ببم بە زێڕدروستکەر
لێی کەوتمە کار و بۆم نەچۆ سەر
تا بۆم وەگەڕێ زیان لە نیوە
چاوم لە شتێکی دی بڕیوە
چون فێڵ و فەرەج نە پیشەمان بوو
بێ نانی بەشی ھەمیشەمان بوو
دین ڕۆیی دراو نەھاتە بەر بار
خۆم داوەتە مسگەری بە ناچار
شێراوە بوو خستمەدەر مسی خۆم
وا پەلک و بنووس ھەیە و نزا گۆم
پاڕانەوەکەم ڕچێکی زانی
لەو ڕێگەوە گەیمە کامەرانی
ئەو پوولە ئەگەرچی پارە ناکا
تاڵایی ژیانێ چارە ناکا
بێ فێڵ و گەڕە ئەگەرچی وردە
کرمانجییە خۆشەویستی کوردە
ڕووسوورە مسی مە خۆ نە زیوە
یان زێڕە بڵێن کە نیوبەنیوە
پووڵی مە بەبێ نرخ مەزانە
ھەر پارەیە سووکە بێ نیشانە
جوان بێ کچ و کەس ئەوی نەخوازێ
ئەم ھەشبەسەرە بە چی بنازێ
نووسراوی ھەژار و بێ پەنایان
بێ باشە لە زاری پادشایان
بێ نرخە لەلای گەلێک لە ژیران
ھێژایە لەکن گەلێک بەبیران
مەزنی مە کە ژیر و چاکەناسە
بۆم تێنەگەیەندرا چ باسە
ئەو میرە کە میرەزایە ناوی
سەرچاوەیی ژین و پیتە چاوی
تیشکی دڵی ڕەش وەڕوون دەگێڕێ
پوولێکی چرووک دەکاتە زێڕێ
سەد مس بێ کە چاو بگێڕێ پێدا
سەرپاکی دەبن بە زێڕ لەجێدا
گەر تووڕە بێ زل دەخاتە بەر دەست
دڵخۆش بێ بڵند دەکا شتی پەست
وەک دیل دەگرێ ئەوانی پاشان
وەک ڕووت بەرەڵا دەبن لەپاشان
ھەر ڕۆژێ ھەزار نەدار و بێجێ
ھەر تاوێ سەتی گەدا لەسەر ڕێ
گیرفان ھەموو داخنن لە بەخشین
بۆ وانە نە لەمپەر و نە پەرژین
چاوێکی خشاندبا بە مندا
دەپسا ڕەگی بێکەسیم لەبندا
ئەم گفتە ھەموو دەبوونە ھەڵبەست
وردەم وەکوو زێڕ دەچوو دەم و دەست
چبکەم دڵی ھێندە تێ خزاوە
جێگایەکی بۆ مە لێ نەماوە
ئەو خۆشییە بەس بەشی نەزانە
خوایە تەمەنی بدەی جوانە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/٠٦». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٤/٢٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.