شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
پێشدەستییەک بۆ چیرۆک
مەیگێڕ لە دەسی مەدە ھەلێکە
وەک گیانی نەمر مەیێکی تێکە
تا بەو مەیی گیان و دڵ بەخێوکەر
تاوێکی گەرم بکەین دڵ و سەر
مەیگێڕ بکە پیاڵە ئاوی شابوون
ئەو ئاوە کە چاوی دڵ دەکا ڕوون
خاوێنکەرەوەی مژیی قڕێژم
سەرخۆش کە دڵی نەزان و گێژم
مەیگێڕ دە بە گەوھەرین پیاڵە
لەو شیلە ڕەوان و پاک و ئاڵە
یاقووتی تواوە لەعلی ئاوە
خۆشاوی دوڕ و دوڕی خۆشاوە
ڕەنگخۆش و بەچێژ و خۆشبەرامە
دەنکێکی کەمە بزانە کامە؟
دەنکێ دوڕی ڕووتی تێ بھاوێ
خۆدانەکی ڕووتی وەک گوڵاوێ
زوو زوو بدە دەستی مەیپەرستان
ئەو کۆڕی کە ھێشتە دڵ لە دەستان
تا پیاڵەیی دڵ بە مەی بکەن ڕەنگ
تا ساز و بەدڵ بێ بەزم و ئاھەنگ
مەپسێنەوە بیاندەرێ لەپەستا
تا بێبەش ئەبن لە ھۆش و ھەستا
لەو بەخششی زۆر و دوور لە ھەژمار
بەشکوو لە دڵۆپێ ببمە بەشدار
گەشکەی مەیی شیلەداری بێگەڕ
خۆشاوی بەری ترێی ڕەزی تەڕ
کارێکی بکاتە سەر دەروونم
ھێزداری بکا دڵی زەبوونم
تیشکێ بکەوێتە گیانی تاریک
دڵ بێتە سەری خەیاڵی باریک
دا تیری ھەناسە کاریگەر بێ
بیرکم بشکێنێ سەد چەپەر بێ
چڵک و چەپەڵی لە دڵ دەرێنم
دەرچم وەکوو بولبولان بخوێنم
دڵمردنی بەس بێ ھەستێ بفڕێ
با شەرمێ نەھێڵی پەردە بدڕێ
گۆرانیی و لاوکان ببێژێ
چێژێ لە ئەوینی خۆی بچێژێ
ھاواری بخاتە مێرگ و باخان
خونچان بدڕن بەرۆک و یاخان
گوڵخونچە بپشکوون لە چوقڵان
بولبول بگرین لە داخی چقڵان
جارجار بخەنن لە خۆشی دیمەن
ئاونگ بپژێ لە دەشت و چیمەن
سوێسنە وە زمان بێ ، بێتە باسان
ڕزگار بێ لە خەوخەوی و لە تاسان
مەیگێڕ بدە پێم مەیێکی گوڵڕەنگ
سەنتوور چ نەڵێت و دەف نەدا دەنگ
کوێخا و گزیر بەڵان نەزانن
دەرکەین کوڵ و خەم ئەویش لەوانن
دەستڕژدی مەکە تژی کە دەفرم
ڕەنگێکی جیا بەخۆوە بگرم
سەرخۆش ببم و بەخۆم بنازم
نیازم ھەموو ئاشکرا بخوازم
مەستم کە نەکەی گەلێک نەزانم
بێ مەی گەڕێ ناگەڕێ زمانم
مەمھێڵە بە ھۆش و ھیچ نەبێژم
شێتم کە ھەتا دوڕان بڕێژم
بێ پەردە وەشاردووان وەسەرخەم
گش ڕاز و نھێنییان وەدەرخەم
بلوێر بێ دڵم بە داخ و سۆ بێ
وەک تووتی دەمم بەگفتوگۆ بێ
تێی ھەڵکەمە لاوک و سێگا و دەشت
حەیران و قەتار و بەست و گوڵگەشت
بێ ورتە دڵم بناڵێ وەک چەنگ
پێ پەنجە و پت بدا دەفم دەنگ
بێژێ و کەوان بڵێت ڕوبابم
تۆ بمدەیە مەی دەبێ وەھا بم
لەو بەرز و بڵیند و لەو ھەوایە
زوھرە لە ھەوام بکا سەمایە
دڵ تەنگە، دە دەنگی زیر و بەم بێ
دڵداری لە لانی زین و مەم بێ
دەردی دڵی خۆم بێ لەم وتانە
زین و مەم ئەدی چ بن؟ بەھانە
وا بکەم کە جیھانێ بێ و بنۆڕێ
دەژیەنمەوە زین و مەم لە گۆڕێ
لەو دووی لە ئەوین بە زام و بیمار
با خۆم بکەمە پزیشک و زانیار
با گەش بنەوە و بە خەم بڵێن: بەس
ببنە نەمر و نەچن لە بیر کەس
داخی جگەری مەمی گرفتار
ناخۆشیی ژینی زینی دڵدار
مەم لاوی لە پیسی و گوناھ دوور
زین ئەو کچی وا بەشەرم و ڕووسوور
دەیکەم بە شتێکی وا تەڕ و خۆش
ھەرگیز لە جیھان نەبن فەرامۆش
دڵبەر بۆ مەمێ بکەونە شینێ
دڵدار بخەنن بە دەردی زینێ
ھاودەرد بووشن شتێکی خۆشە
بێ دەرد بگرن کەنار و گۆشە
لام وایە ئەوانی ڕاست و پاکن
دڵڕوونن و ژیر و بیر ڕووناکن
ھەڵبەستێ وەھا ھەچی ببینێ
بۆ خانی دەنێرێ ئافەرینێ
ھەرکەس کە خودای بڵند و پەستی
پێی داوە بەشێک لە خۆشەویستی
با بێن ببیەن خۆیان لەبیر کەن
کۆرپەی دڵی ھێندە پێوە ژیر کەن
بیکا بڕێ گوێی گیانی لێ پڕ
ماڵیاوا لە دڵ بکەن دوو سێ بڕ
ھیوامە لە ڕاست و بێگرێیان
نەبیەن لە چنۆک و زۆربڵێیان
ئەم نامە کە خاوە یان لەباوە
سەد ڕەنجی لە ڕێگەدا دراوە
ساوایە،مناڵە، شیرنەمشتوو
تازەبەرە، تازەپێگەیشتوو
پێش من دەسی ھیچ کەسی نەدیوە
میوەی ڕەزی خۆمە نەمدزیوە
ئەو میوەیە خۆشە یا نە تاڵە
دڵبەندی منە وەکوو مناڵە
ھیوامە بوێژی ھاوزمانم
تەوسان نەگرێتە ڕۆڵەکانم
ئەو میوە کە وشکە، تفتە، تەڵخە
خۆ کوردییە زۆر لەلام بەنرخە
ئەو کۆرپە دەڵێی نە نازەنینە
چون نۆبەرەمانە خوێن شیرینە
میوەی منە، خۆشە، بۆی نەماوم
کۆرپەی منە بۆتە چاوی چاوم
خشڵ و جل و یار و زێڕ و زەمبەر
نەمخواستەوە ھی منن سەر و بەر
ناوئاخن و پیت و تیپ بەجارێک
ڕیزێکی وشێکی یان وتارێک
ھی خۆمە لە کەس نەھاتە چەنگم
خۆم خاوەنی کەسم و خێوی ڕەنگم
ئەم گفتی شیرین و بیری سەد جوور
پاکی کچە، تازەبووک و ڕووسوور
خوایە مەدە دەستی پیاوی لاسار
ئەو دڵبەری شۆخ و شەنگ و نازار
پاڕانەوەمە لە خوێندەواران
بێھوودە نەکەومە لێو و زاران
بۆ گاڵتە نەڵێن ئەم و ئەوی بوو
با چاکی بکەن ئەگەر کەمی بوو
چی پاکژ و چاکە پەردەپۆشن
ھەر دڵچەپەڵن کە گەڕفرۆشن
ھیوام ئەوەیە لە مەرد و ژیران
بۆ گەپ نەبمە نیشانەی تیران
کرمێکم و، ھاوریشمە لیکاوم
خۆڕستم و خۆم لە خۆم ڕواوم
کوردم لە چیا و کەژ و نزاری
چەند گفت و وشێکی کوردەواری
لێم وەربگرن بە سینەیی ڕوون
لێمی نەگرن چ خۆشە خۆش بوون
دڵپڕ لە ڕقیش کە گوێ بدێرن
چییان لێ دێ کەمایەسیم وەشێرن
ئابڕووی بوێژی با نەڕێژن
گەر دەکرێ شتێکی باش ببێژن
بۆم پینە بکەن ھەڵەی زمانم
با بێننەوە بیر منیش لەوانم
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/٠٧». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.