شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
پەسنی میری بۆتان و جووتە خوشکە جوانەکەی
ڕەنگڕێژی پەڕانی مێژووزانی
دەنگبێژی جیھانی خۆشخوانی
وا نەخشی دەکرد بە ڕەنگی چەند جۆر
وای بۆ دەگوتم بە بەند و باڵۆر
میرێ ھەبوو ڕۆژگاری پێشوو
دڵخوازی بە چی ھەبوو، ھەمووی بوو
سەرداری گەلێ گەلی زل و ورد
تۆوی عەرەبان و سەروەری کورد
پاتەختی جزیر و بەختی چا بوو
زۆر دەستی گوشاد و شاد و شا بوو
ڕۆم و عەرەب و عەجەم لە فەرمان
ناوبانگی ھەبوو بە میری بۆتان
خاڵندی دەگرتەوە لە باپیر
پشت پشتی ھەموو زل و جەھانگیر
ئاسمان لەوی بێ ترس نەما بوو
شیرێکی خودا بوو دەرکشا بوو
زیانی نەدەدین و بێ بەزین بوو
ناویشی ئەمیری زینەدین بوو
بۆ جەنگێ کە تەختی خوانی زین بوو
ئیتر نە بەزین و دابەزین بوو
ئازایەتی ویت دەویست بناسی
ناوبانگی گەیشتە مانگ و ماسی
خواناسی ئەویش بە دەنگ و ناو بوو
بۆ ھەر دوو جیھان خوداپێداو بوو
حاتەم لە دەھندەیی بەزی بوو
ڕۆستەم ھەڕەشێکی وی بەسی بوو
ژیری و ھونەر و بە کاری و دین
بەردەوبگرەی بە داد و بەخشین
دەتگوت کە بە بەژنی ئەو بڕا بوو
تا ئەو بوو ، بەشی کەسێ نەمابوو
سەد جۆرە گەواھێرات و یاقووت
ئەڵماس و پیرۆزە، لاڵ و زمڕووت
داکرابوو بە کۆ لە ھەر شوێنێک
دارماڵ بوو ھەموو کون و کەلێنێک
پێت وابوو کە ھەندەر و بەھەشتە
کیژۆڵە تژی ھەموو فریشتە
ھێند سادە و لووسکە نۆکەری بوو
ژوور و دەری ھەر پڕی پەری بوو
لەو باغە دوو نەونەمام ڕوا بوون
بێ وێنە لەناو بەھەشتی خوا بوون
سوورگوڵ دوو لە پنجی شا ڕوابوو
دوو خوشکی خوشیک و یەک برا بوو
دەتڕوانی ئەگەر لەسەر ڕوانگا
دوو ڕۆژت ئەدی بەدەوری مانگا
یەک پیاوی دەکوشت بە چاوی مەستی
ئەو ناوی نرابوو خاتوو ئەستی
ئیدی لە دڵ و ھەناوی میر بوو
ئەو ناوی لە ناوی میر بوو
خۆت ڕەنگە بزانی ناوی زین بوو
بەس دیتنی زینێ دڵ تەزین بوو
یەک ناوی جوانی کەوتە شاران
گیانێ بوو ئیتر لە کۆڕی یاران
یەک گەندەمیی و یەکێ زەری بوو
یەک چەشنی فریشتە یەک پەری بوو
کەنگێ پەریی و فریشتە وا بوون
ئەم جووتە لە ڕۆشنی خودا بوون
ھەرگیز کەسێ جوانی وای نەدیبوو
نەمزانی ھەوێنی وان لە چی بوو
لاجانگ وەکوو زێو چەناگە وەک سێو
ئاونگی لە ئاوی ژین لەسەر لێو
سەرکوڵمە وەکی پەڕی گوڵی ئاڵ
چێنرابوو تیا دەنک دەنک خاڵ
تەنگی دەم و دەنگی پێکەنینی
بردیان بڕەوی بوتانی چینی
ڕەشماری کەزێ لە بەژن و باڵا
وەک ھەورەڕەشێ لە ڕۆژ دەھاڵا
چاوێنیپەڕێن بوو دێڕی سەر ڕوو
چاڵی چەنەگەی پڕی لە جادوو
بۆنخۆشی وەنەوشە و گوڵی ئاڵ
پشکۆ بوو لە چوقڵی سەوڵ و شمشاڵ
سوورگوڵ لە سەری لکان ڕووا بوو
تاتای موو بەسەر یەکا ڕژابوو
ڕەشخاڵ وەکوو بەردی حاجییان بوو
ئەو کۆشکە حەجی ئەوان دەمان بوو
ئەبرۆ چ کەوانی بێگرێ و ڕێک
پەیکانی بژانگ، چ تیری دڵپێک
نازک بە لەش و ھەڵۆ بە چاوان
تۆقیبوو دڵی دڵان لە تاوان
دایاننا ئەوانی مووقەڵێشن
ھەر گۆشەیی چاوە، گیان دەکێشن
توێڵی سپی پەرچەمی ڕەش و کۆ
وەک باڵی پەری لە سووچی ئاسۆ
ڕۆژ کارەکەرێکی ناوچەوان بوو
لە جوانی بە پاس و دەرکەوان بوو
کێ کوڵمی دەدیتن و بنانگوێ
مردن بوو پەنای دەبردە بەر کوێ
گەردن وەکوو قومقمۆکی بادە
پڕ بێ لە گوڵاوی ڕوون و سادە
ھەرکەس کە ببینێ پێی دەزانێ
سەرچاوەیی ئاوەکەی ژیانێ
سەرپەنجە و نەینوکی خەناوی
خوێنیان دەڕژا دڵان لە تاوی
دینی بەر و کەمبەری شل و مل
چاوی گەش و ڕوون دەکرد بەبێ کل
ھەڵیان کە دەماڵی قۆڵ و بازن
جێدار بوو لەسەر جیھان بنازن
ئەو دوو گوڵە شۆخ و شەنگە جوانە
ھاتبوونە جیھان ھەواڵدووانە
ھەرچەندە کە ئەستی نازەنین بوو
زین زۆرتری خوشکی، خوێنشیرین بوو
ھی وان بوو جوانی گشتی شەشدانگ
ئەستێرە بوو ئەستی، زین وەکی مانگ
ئەستی وەکوو مانگ و زین وەکوو خۆر
چاوپیس و چنۆکی پێ دەبوو کۆر
ئەو ھەر دوو وەکوو دوو شەوچراخان
کاتێ کە دەچوونە سەیری باخان
گیاندار دەچوو گیانیان بە تاڵان
گیا وو گژ و دار و بەرد دەناڵان
پەرچەم شەوەڕەش لەدەوری لاجانگ
شمشێری برۆ لەسەر لەتی مانگ
پەرچووکە لەسەر ھەنێ بنەخشێ
کێ بێ دڵ و گیانی پێ نەبەخشێ
ڕازانەوەیان بە زێڕ و گەوھەر
لەرزانە و گۆبەرۆک و کەمبەر
ئەو لەنجەیی کۆتری بە سەد ناز
لەو جووتی بەژننەمامی چاوباز
پۆل پۆل کچی شۆخ لە دەور و بەریان
پیر، بۆ دڵ و دینی خۆ دەگریان
خواناس و مەلا و بەناو و بێ ناو
خونکارە، ھەژارە، پیرە، یان لاو
کوانێ کە دڵی نەچێتە جوانی
نرخی کە نەزانی زۆر نەزانی
ھێندێک دڵ و دین دەدەن بە تێکوڵ
ھێندێ بە خودای چڵ و گوڵ و دڵ
دۆست ھەر یەکە بەر دە شێوی شێوان
وەک تێکوڵ و کاکڵێکە نێوان
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/٠٨». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٨/٢٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.