شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
دیسان ڕانانی جوانی ئەو دوو چاوبازانە
ھێندەی کە خودای بە تاق و تەنیا
پووڵ و شمەکی ڕژاندە دنیا
قەیسەر ھەچی بووی لە زێڕ و زێوان
زۆرتر لە بژاردن و لە پێوان
ھەڵماس و گەواھێراتی قاقان
تا دەچتە نەقێمەکەی سلێمان
چی نرخی گرانە پێی دەزانی
ناھێنێ کەمووسکەیەک لە جوانی
ئەو جوانی لەڕووی ستی و زینێ
دەریا بوو لە ئاگری ئەوینێ
کاتێ کە دەکەوتە سەر شەپۆلان
سەرڕێژی دەکرد لە گرد و گۆڵان
بۆ ھەرچی پڕیشکی خۆی دەپڕژاند
سەد گیانی دەمەولەحاست دەبرژاند
دارا و نەدار و کۆک، ڕەش و ڕووت
ئەو دوانە کە ھاتبان دەیان گوت
جوان گەیونە یەکدی مانگ و خۆرن
کڕیار ئەوە بۆیە ھێندە زۆرن
ڕاوکەر لە ڕێگەی ئەم ئاسکانە
دڵبەستەیی ئەم دوو ناسکانە
گەر بەور و پڵنگ و نێرەشێر بوو
ھەر ڕۆژی بەرێ بە ناڵە فێر بوو
گریان بوو، ھەرا بوو، ڕۆژ ئەگەر شەو
ھەرگیز نەدەھاتە خەونەوە خەو
ھەر جوانییە بێ بن و کەنارە
دڵداری گەلێکە بێ ژمارە
دڵدار ھەیە مەردە گیان دەبازێ
ئی واش ھەیە وردەماچ دەخوازێ
یەک یاری دەوێ لە بەزم و یاری
یەک گیانی شیرین دەدا بە یاری
لێومژتنە بۆ ستی و تاژدین
خۆکوژتنە دێتە ڕێی مەم و زین
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/٠٩». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٤/٢٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.