شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
ئازایەتیی تاژدین و برایانی و دۆستایەتیی مەم و تاژدین
با بێینەوە سەر وتارەکەی پێش
سەوداسەری دڵ برینی پڕئێش
ھەرچەندە کە زۆر و بێ ژمار بوون
گچکە و زل ، خوێڕیی و بەکاربوون
لەو کۆشک و سەرایەدا بوو سەد لاو
خوێنشیرن و ڕێکوپێک و بەرچاو
ھەریەک بە جوانی ڕۆژی ڕووناک
ڕووخۆش و لەبار و دەست و دڵپاک
وەک مانگی لە چاردە، بێیە ڕاستی
مانگ زەرد بوو، کە یەک دەھاتە حاستی
سەوداسەری پیشەیان بوو گشتی
بەستبوونی ئەوین بە داوی گشتی
یەک ڕازی دڵی یەکی دەزانی
گشتی دڵی چوو بووە سەر زمانی
سەودا لە دڵا نەوەک بە دیتن
ئەم جۆرە ئەوینە کەم بە پیتن
تێیدا بوو لەوانە تازەلاوێک
سەردەستەیی گشت و خێوی ناوێک
تاژدین بوو، بەڵام چتۆ جوانێک!
گوودەرزی جیھان و پاڵەوانێک
میر کامە ڕەگەز بوو ئەو لەوان بوو
سەرکۆمەڵ و گەورە و گران بوو
ئەسکەندەری ناو بوو بابی جوامێر
بیستوومە عەرەب پێیان دەگوت شێر
چون ڕۆژی ھەرا بە تاقەسواری
دەیتوانی بەرێ سەری ھەزاری
تاژدین دوو برای ھەبوو، کوا وەکی وان؟
پێمێردی خودا دەگەڵ چەکی وان
ئازایی لەپاش ئەوان درۆ بوو
یەک «عارف»ی ناو بوو یەک «چەکۆ» بوو
تاژدین لەسەر ئەو ھەموو نەمامان
لە برای و لە خزم و خاڵ و مامان
لاوێکی تری کەس و برا بوو
چم وت؟ نە برا بوو شەوچرا بوو
ھەر ڕۆژێ کە ئەو برای نەدیبوو
وابزانە بە شەو چرای نەدیبوو
دنیا بوو لەبەر دوو چاوی تاریک
تای کرژی دڵی پساو و باریک
ھاواڵی دەمانی خۆش و خەم بوو
دڵبەندی خەمان و ناوی مەم بوو
ئەو چۆن بوو مەمیش لەڕاستی وا بوو
تاژدین نەبێ چی لە بیر نەمابوو
مەم ڕۆڵەیی نووسەرێکی میر بوو
تاژدین کوڕی گەورەتر وەزیر بوو
ھەڵیان نەدەکرد بەبێ یەک و دوو
جیاوازی بە دڵ نەبوو، بە لەش بوو
ئەم جووتە بە جۆرێ دڵ لەیەک بوون
دەتوت کە ببوونە لەیل و مەجنوون
زۆر پێکەوە ھۆگرێکی پاک بوون
جووت بوون و لە خۆشەویستی تاک بوون
بۆ یەکدی ببوونە دۆستی گیانی
دەرچوو لە زمانیی و لە نانی
با وا بێ ھەواڵەتی و برایی
بێھوودەیە دەمدەمی و ھەوایی
ھاسان نییە دۆستی، گرانە
دۆستایەتی و ئەمەگ برانە
گەر دڵ بە گومان، گومان دەبەی خۆت
دۆستی مەکە زۆر گران دەبێ بۆت
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/١٠». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٠/٢٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.