شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
سەیرانی جێژن و دەزگیرانگرتن
دیسان کە نواندی جێژنی نەورۆز
لەگوێرەیی ڕێوشوێنی پیرۆز
گش ورد و درشتی ناو جزیرێ
بیگرە لە شوانێ تا وەزیرێ
شاری و ڕەمەکی و گزیر و ھەرچی
تێیدا بوو شڕە و گەڕۆک و چەرچی
پۆلپۆل دەگەڕان لە کێو و دەشتێ
خەمیان دەپەڕاند لە سەیر و گەشتێ
ھێندێک بە پێیان دەچوونە باخان
سواران دەگەڕان لە کێو و شاخان
ھێندێکی بە یەک یەک و جودایی
دەستێکی بە گەل بە دڵ تەبایی
ھێند ھاتبوو خانم و ژنی جوان
دنیا پڕی گوڵ ببوو لەبەر وان
تێی ھاتبوو ھێند پەری و فریشتە
تا وابێ بەھەشتی گەورەدەشتە
کیژۆڵە و لاو و ڕووبەخاڵان
لێوقەند و مەمک دوولیمۆکاڵان
خونچەدەم و ڕووبەخاڵ و خوێنسووک
لاوی تەڕ و تازە، لووس و بێتووک
کڕیار و فرۆش ھەموو جوان بوون
نرخ و بەنرخ لەسەر ڕووان بوون
نازداری دەھاتە باری سەودا
نەک کۆنەپەڕۆ و کەڵاف و ھەودا
جوانچاکی دەھاتە تای تەرازوو
چاو کاری دەکرد نە زۆری بازوو
ئەو ڕۆژە دەبوە کە جێژنی سەرساڵ
منداڵی دە ساڵ و پیری سەد ساڵ
خۆیان نەدەھاتە بیر چە جارێ
ئاھەنگ و بەزم بوو تا ئێوارێ
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/١٢». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/٢٠.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.