شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
خۆگۆڕینی تاژدین و مەم لە بەرگی کیژاندا
پڕشنگی چرای لە گومبەزی شین
کردی دەمێ خاکەلێوە ڕەنگین
ڕێوشوێنی گەلێک لەمێژ و زوو بوو
حەوڕۆژەیی جێژنە بۆ پشوو بوو
ھەر ڕێگە درا بە کیژ و لاوان
دانێکی نەمان لە ماڵی باوان
کچ دەچوە دەرێ دڵێکی ببڕێ
کوڕ دەچوە بەرێ گوڵێکی بکڕێ
تاژدین و مەم ئەو دوو شێردڕانە
پۆشیان شمەک و جلی کچانە
ھەوری لە ملان بە ئۆیە دەسماڵ
تافتە کوڵەجە کراس و لێوئاڵ
کاکۆڵ بوو ببوو بە بسک و پەرچەم
ھەر دوو کچی قۆز ئەگەر ببا مەم!
ھەربۆیە بوو کەس ئەوان نەناسێ
باش گوێ دەنە بەزم و دەنگ و باسێ
بیانھێڵە بە بەرگی نازەنینان
با بچینەوە لای ستێ و زینان
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/١٣». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٠/٢٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.