شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
گرفتاربوونی مەم و زین و ستێ و تاژدین بە داوی ئەوینەوە
ھەردووک دەگەڕان بە بەرگی گۆڕاو
ڕامان لە شتێکی سەیر و ناکاو
دیتیان لەپڕێ لە ھەر دەرێکا
ھەر کووچە و کۆشک و پەنجەرێکا
چەند تازەجوان لە چەشنی سەروان
پارچەی ھەموو جۆر و ڕەنگ لەبەردان
پۆلپۆل کچ و لاو بە دەستەدەستە
ھێندەش ئەوە پیری داربەدەستە
ھێند زگزل و ھێندی لات و لووتن
ھێند پۆشتە و ھێندی ڕووت و قووتن
ھێندێکی گران و ھێندێ سووکن
ھێندێکی زەلام و ھێندی چووکن
یەک کاڵە لەپێ، یەکێکە پێخواس
یەک قیژە دەکا، یەکێ وڕ و کاس
یەک سەرقژنە، یەکێک بەکاکۆڵ
یەک خۆڵ وەسەرە، یەکێ لەسەر خۆڵ
پیتۆڵە یەکێک، یەکێک بەتیتۆڵ
یەک بۆڵە دەکات و یەک ڕووەو چۆڵ
مرکیوە یەکێ، یەکێ لەسەر جۆش
ھێندێکی خەواڵوو ھێندێ سەرخۆش
ھێندێ لە بڵند و ھێند لە چاڵن
ھەریەک لە ھەوایەکی دەناڵن
گوێ پڕ بوو لە ناڵەیی بەزامان
ھەرتک بە وردی سەرێکی ڕامان
تاژدین لە یەکێکی پیری پرسی
لالۆ چییە ئەو ھەرا و مەترسی؟
پێی وت کچەکەم دوو نۆنەمام کوڕ
ئەمڕۆ لە مە بوونە میری سەربڕ
ھەرکەس کە ببینێ ئەم دوو لاوە
ئیتر ئەمە ھۆشی نا بە لاوە
وتیان ئەتۆ دیتن؟ ئەو چ ڕەنگن؟
فەرمووی بەڵێ دوو کوڕی چەلەنگن
گوتیان کە ھەیانە تیر و خەنجەر؟
یان شیری شەتەکدراو لە کەمبەر؟
فەرمووی کە بە سیلەچاو و ئاوڕ
لەم کۆمەڵە بوونە جەرگ و دڵ بڕ
لەو پرس و وەرامەدا لەناکاو
دڵ ترسی لە چی بوو ھاتە بەرچاو
بێ وێنە دو کوڕ، دوو تازەلاون
سێبەنگی برۆن و مەستەچاون
یەک ڕەنگ و شمەک گەلێ تەیارن
بێگانە و ڕەنگ نەناس دیارن
باڵاکەڵەگەت نیان و نەرمن
تا چاو دەیەوێ بەناز و شەرمن
ھەر لەو جێ کە چاو کەوت بە چاوان
یەکجێ فڕی ھۆش و دڵ لەتاوان
فرمێسک ئەڕژان لە چاوی تاژدین
مەم بوو بە بەفر لە تاوی ھاوین
بەو تاوی جوانی تاس و گێژ بوون
بێ ھۆش لە چەقی ڕێگا درێژ بوون
ئەو ھەر دوو کوڕی بەناز و نیمناز
دیتن دوو پەری شەھێنی چاوباز
ڕۆژن وەکوو مانگێ ڕەنگزەردن
دڵدار و شکاوی بەردی دەردن
وەک تازەکوژاو بە ھەڵبڵۆقن
بەو تینی ئەوینە ھەڵدەچۆقن
دوو سوارە بەزینە سەر نێچیران
دیتیانن و کەوتنە چاڵی بیران
زانیان کە نێچیرەکان قەڵەو بوون
باز گیرە لە داو، نە زڕڕەکەو بوون
وێستان و ڕوانییان بە گەرمی
دڵیان کوڵی کەوتنە باری نەرمی
لەو جوانییە بەم دوو ئاسکانە
سووتا دڵی ئەم دوو ناسکانە
دڵیان بە دڵی یەک ئاشنا بوون
دڵ ئاوێنە بوون و ڕوونوما بوون
دڵ بوونە ھەواڵ لە سووچی چاوا
کۆچکردە بوو دوودڵی لە ناوا
خوا ھێندی لە خۆشەویستی پێدان
دڵداری وەھای لەیەک گرێدان
دەتگووت کە چوار گیانە یەک لەش
گیانێکە لە چوار لەشان بووە بەش
ڕاستت دەوێ ھەر یەکن لەش و گیان
ڕۆژی بەرێ یەکیەتی بوو بەشیان
گیانان ھەموو پێکەوە تەبا بوون
کاتێ کە لە بارەگای خودا بوون
ناردوونیەتە گرتووخانەکەی لەش
ئەوڕۆژە جیاوەبوون بە دوو بەش
ھێشتا بڕێ مرچ و مۆڕ و گرژن
ئەو تیرەیە ناونران بە دوژمن
دەستێکی لە یەکدی بوونە دڵدار
ئەو دەستی کەوت ژیانی ڕزگار
وێ ڕۆژێ لەگوێرەی ئەم سرشتە
تێکەڵ بوو دڵی دوو جووت فریشتە
کاتێ کە گەیینە سەر دوو زامار
ئەو دوو کوڕی دیدەمەستی نازار
دوو گوڵ دڵی دایە دووی وەکوو گوڵ
پشکووت گوڵی دڵ ڕژا کوڵی دڵ
بوو ڕانی ستێ سەرینی تاژدین
جێی گرت سەری مەم لە باوەشی زین
لێویان دەخشاند بە کوڵم و خاڵا
چاو تێر نەدەبوون لە بەژن و باڵا
وتیان دەبێ ئەم کچانە چی بن
تۆ بڵێی کە فریشتە یان پەری بن!
ئەو میوە لە باخی کێ چناون
ئەو گوڵ لە چ گوڵبنێ ڕواون
دوو تازەنەمامی کام دەراون
ڕەگیان بە گوڵاوێ ئاو دراون
فرمێسکی لە چاو و خوە لە سەر سنگ
لەو دوو گوڵی سیسە بوونە ئاونگ
سەرخۆشی ئەوین بە بۆنی وا خۆش
پێم سەیرە کە ھیچ نەھاتنەوە ھۆش
تا ببنە ھەواڵی دیدەمەستان
ئەنگوستیلە دەرخران لە دەستان
گۆڕیاننەوە کلکەوانەیی خۆ
نایانەوە داو و دانەیی خۆ
ھەڵماسی نقێم دران بە شووشە
کار ھەر بە دڵە، شتی دی پووشە
شیرنایەتی جێژنە بوو بە تاڵی
قاڵ بوون بە ئەوین، بەسە مناڵی!
تاوپەڕ بوو و بەجێ نەما لەوێمان
خۆش ڕۆیین و دووی نەخۆش بەجێمان
تاژدین و مەمی بە دڵ بریندار
پێوەندی دوو ئاسکی ناسک و نازار
وشیارەوە بوون شەوە، شەوەزەنگ
بەس ناڵەیی دڵ نەبێ نییە دەنگ
دوو ڕۆژی بە ڕۆژ ون و نەدیون
وەک مانگەشەوێکی ڕەنگپەڕیون
بێ ھێز و کز و سڕ و کڕ و تاس
بێ تین و توان ، ھڕ و وڕ و کاس
لاواز و زەبوون و نیوەمردوو
بە شلێک و دڵێکی جەردەبردوو
تا گەینەوە ماڵ بە لارەلارە
لێی بوونە تخێڵ بە جەرگی پارە
نە زمان و نە سەر، نە خواردن و خەو
لایان وەکوو یەک بوو ڕۆژ لەگەڵ شەو
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/١٤». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٨/٢٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.