شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
تاژدین و مەم بە دەردی خۆیان دەزانن
ئەو باز و شەھێنی پەڕپڕووزاو
تاژدین و مەمی دوو دیدەدرواو
بۆ پۆڕ و کەوان دەچوونە ڕاوێ
چۆن ڕاوێ بەجووتە کەوتنەداوێ
لێی دان لەپڕوناکاو بریسکێ
سووتان نەبوو ھەڵبدەن ھەنیسکێ
حەوڕۆژەیی جێژنە ھات و چوو خۆش
ئەم جووتە لە جێ نەخۆش و بێھۆش
چەند ڕۆژی تریشی ھات بە شوێنا
سەریان کە لەسەر سەرین ھەڵێنا
لێڵایی لە چاو، ڕەنگبزڕکاو
تارمایی نەبێ نەھاتە بەرچاو
تاژدین بە مەمی دەگووت ئەتۆ کێی؟
مەم سڵ بوو پتر لەڕاستی ھاوڕێی
دەرمان و بزیشک و نووشت و یاسین
تا ھاتنە سەر یەک و دوو ناسین
خۆیان دی لە پێچی پاچەبەندییان
پێچراو لەش و، گیان بە چەند کەمەندان
بێ چاو و،بێ دان و، ئاو و، بێ تاو
بێ باڵ و لە دڵ برین و لەش خاو
وەک چاوی جوان نەخۆش و سەرخۆش
وەک خاڵی لەسەر ڕووان سیاپۆش
وەک خونچەیی زاری یار دڵتەنگ
ناڵین لە ڕەگی دڵان وەکوو چەنگ
وتیان دەبێ بۆچی ئێمە وا بین؟
کەی جەنگ بووە ئێمە ئەنگوابین؟
یان بۆچی وەھا کز و زەبوونین
پڕ دەرد و برین دەر و دەروونین؟
بەو گێژییە لە گێژی بیر و خەمدا
تاژدین دی لەدەستی کاکەمەمدا
ئەنگوستیلەیەک نقێم لە گەوھەر
دەرناکا لە نرخی کەس سەرەودەر
وەک دەنکی ھەنار و ئاگری سوور
شەو بایە، دەڕۆیی تیشکی بۆ دوور
نووسراوە لەسەر وی ناوی زینێ
کێشای دەسی باشتری ببینێ
مەم دی لەدەسی ئەویش نگینێ
ھێژای ھەموو گەنجی سەرزەمینێ
بێ ھەستێ کە سەیری کردە دەستی
ڕەنگیوە بە ناوی خاتوونئەستی
دوڕناسی جیھان لەڕاست ئەوانە
ھێڕ و وڕ و گێل و ھیچنەزانە
سەدھێندە بەسەنگی گەنجی قاروون
ھەر زێڕی ھەیە و ھەچی لەناو چوون
ناھێنێ لەوانە ھێشتە ھەشت یەک
ھیچیان بۆ نەما جیا لە پەک پەک
پەک پەک کە چ باشن ئەو نقێمە
ناسیان بەمە یاری دڵ ڕەقی مە
ھەرچیان بە مە کرد ستی و زێن بوون
وەدیارە کە فێری دڵ دزین بوون
گۆڕیان لە مە خۆ، بە بەرگی گۆڕاو
لاولاو بە دوو لاو دەھاتنە بەرچاو
ئەو بوون کە لە ڕۆژی جێژنە ھاتن
وتمان ئەوە مانگ و ڕۆژ ھەڵاتن
ئەو دوو پەرییانە دەستوەشێن بوون
ئەو خوێنشیرینانە خوێنڕژێن بوون
ئەو بوون کە لە ئێمە بوونە دڵبڕ
ئەو مامزە بوون کە بوونە شێردڕ
ئەو ھۆشی سەری مەیان ڕفاندن
ھەرزان بوو لە نرخی چاوچڕاندن
تاژدین کەمێ ھۆش و بیری لا بوو
مەم نابێ بپرسی ھەر نەما بوو
تێی ڕاخوڕی: مەم! دە ھەستە بەس بێ!
تا کەنگێ تخێڵ دەبی لەنێو جێ؟
شیرین ئەمە ئەو دوو ئاسکی ماڵین
شوورەییە لەدەست ئەوان بناڵین
مەم ھاتە وەڵام بە ناڵەناڵی
تاژدین وەدیارە ھێشتا کاڵی
زۆرتر لە تۆ خۆم شڵۆق دەبینم
زۆر کاریگەرن ھەموو برینم
مەمبینە کە وا لەسەر زەمینم
کوژراوی ئەوینی چاوی زینم
سینەم ھەموو ھەنجنە بە برژانگ
گیانم بووە گیر لە ماھی لاجانگ
بێ شوێنە دڵم لە پرچی ڕەش دا
وەک نەشتەرە ھەرچی موون لە لەش دا
بەو شیری برۆی کە تازەساون
بەندبەندی دڵ و جگەر پساون
ئارا لە چ جێیەکم نەماوە
تۆ ئەو مەمی دیوتە، نەماوە
دڵداری بەڕاستی دای بەسەرما
لەو ھێرشەدا، نە دڵ، نە سەر ما
گیان و جگەر و دڵ و ھەناوم
دەست و سەر و پێ و پشت و چاوم
سوێندم بە خودا نییانە ئارام
شێتن ھەموو لا، لەلام نەما ڕام
تا من بە دەمم دەمێ دەکەم شین
ئەو ھەر یەکە بۆ خۆ بانگ دەکا زین!
وا دڵڕەقی بەو ژیانە تاڵە
تووش بووم، و دەڵێی بەسە و مەناڵە
وان بێڵە بە ئاخ و داخ و ناڵان
با بێینەوە سەیری چاوکەژاڵان
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/١٥». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٩.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.