شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
زین و ئەستێ بە چ دەردێ چووبوون؟
ھەر چوونەوە ماڵێ بەو جلانە
ڕووت بوونەوە ئەو کەمەرشلانە
ھەرچەندە جل و شمەک کە گۆڕان
چۆن دێنەوە ڕەنگ و دڵ کە دۆڕان؟
دڵداری لەناو دڵان خزیبوو
گوڵ ڕەنگی لە کوڵم و لێو دزی بوو
کەس نەیدەگوت ئەو ستێ و زینن
پێت وابوو کە خەڵکی ژێر زەمینن
پیرێژنی دێوی ئەم جیھانە
تایەن بوو لە کۆشکی ئەم کچانە
فەرھادکوژەکەی لەلا تکێک ئاو
گەڕبازی بەناو حەیزە بوون ناو
ئەو ھات بەسەرا لەوان دەماندا
چاوێکی خشاند بە ڕووی کچاندا
دیتی، چ ببینێ؟ دووی کز و لات
ئەی خوایە ئەمانە چییان بەسەر ھات
وا ماتی خەیاڵ و دوورەئاگان
بەرچێڵە ونی دەکا چەناگان
ڕووی ڕۆژ چییە، بوونە مانگی یەکشەو
چاوباز کڕن ئەمڕۆ بوونە مێکەو
خوێن بوونەتە بەفری تازەباریو
یاقووتی دوو لێو سپین وەکوو زیو
کوا کاتە کە زەرد ببن گوڵی سوور؟!
دەک ڕۆڵە لە چاوی پیس و بەد دوور!
ئەی ھێزی دڵ و کزەی ھەناوم
ھەریەک لەوە ڕۆشنایی چاوم
پارێزەری ئێوە ھەر خودا بێ
باڵا و ھەموو کاتێ بێ بەڵا بێ
وا ئێوە ئەوەند لە بەند و بەرچاو
چۆن چوونە دەرێ بەجووتە بۆ ڕاو؟!
چۆن وا زوو گەڕانەوە بەرەو ماڵ؟
چۆن سەیرو نەکرد لە جێژنی سەرساڵ؟
بێژن شتەکە چییە و چ ڕەنگە؟
سەرگێژییە یان خەیاڵی بەنگە!
گیران بە چ داوێ؟ چۆن تەلێکە؟
ھۆی ئاگرە ھەرچی دووکەڵێکە
دەنگێ بکەن و نەکەن کچانم
من بۆخۆ ھەموو شتێک دەزانم
قوومێکی دەپێژم و دەڕێژم
چوو دیوە لەڕێوە پێو دەبێژم
شیشۆقە و موروو تێکەڵاو کەم
چیتان لە دڵایە لێو بڵاو کەم
گوتییان بەدزی بە پیرەزاڵێ:
لەو کاتەوە چووینە دەر لە ماڵێ
ھەرکەس کە دوچاری ئێمە بوو زوو
شێت بوو، دڵ و ھوشییان لە دەس چوو
ئەم زۆرییە زۆرە ھاتە ڕێمان
پێوەندی ئەوینێ ھاتە پێمان
شێت بوون بەمە و دای لە سەریان
ئێمەش ئەوە بووینە شێتی پەریان
ھەر بیستی لەمان، ئەمانە دایە
لووسایی زمانی کەوتە کایە
چاومەس، دەسەروو گەڕێم ھەزارجار
ئێوەی کچی پاتشان و خونکار
کێ بێ کە ببێ لە ئێوە بێ باک
کێ بێ کە نەدات بە ئێوە پیتاک
دەستان کە بە دەستی ھەرکەسێ دا
دەیدا سەر و گیان و دڵ لە ڕێدا
نەخوازە کە ئێرەیی بێ دڵدار
من بیگەمێ ئێستە دێتە بەر بار
کام داری بڵیندە دایدەھێنم
ھەر شێتی دەکەم دڵی دەسێنم
وتییان ھەموو وایە ھەرچی دەیڵێی
ناسراوی لە لانی ئێمە، تۆ کێی
دەرمانی برینی «سە»ت لەدەست دێت
شەرمێکە دەمانگرێ بڵێین پێت
دەردی مە گەلێک بە ئێش و ئۆیە
ڕێ کوێرە بە دڕکە، پڕکڵۆیە
چەندەی ھەیە کیژ و کوڕ لە بۆتان
چەندھێندە کە ناو براوە بۆتان
ھەرکەس بە جوانی ناوی داخەن
نووسراو لە سیایی ئێمەدا ھەن
لەم شارە ھەچێکی مەستەچاون
دیومانن و گشتی ناسراون
ئیمڕۆکە دوو کچ بە ئاڵ و واڵا
وەک یەک بە شمەک بە ساڵ و باڵا
دوو ڕۆژ کە ھەڵێن بزانە ھەو بوون
ھەنیان وەکوو مانگی چاردەشەو بوون
تووشیان بوو بە تووشمان لەناکاو
چۆن دڵ نەپەڕێت و ئاو نەکا چاو
ھەر چووینە نزیکی وان بە دیمەن
دیمان نە لە ئاو و گڵ وەکی مەن
وەدیارە فریشتە یان پەری بوون
دوو سێوی بەھەشتی داوەریبوون
ئەو بۆ مە بەجووتە کەوتنە داوان
ئێمەش ئەوە شێت دەبین لەتاوان
ڕوومان وەکوو مانگ و ڕۆژێ وا بوون
ئەو ئاوێنەیەکی ڕوونوما بوون
ئەو شووشە ئەمیش چرای بەرانبەر
تیشکی مە گەڕاوە بۆ مە لەو سەر
شۆقێ کە گەڕاوە دای لە ئێمە
تاواندی دڵی مە ھای لە ئێمە
سەرکوڵمی مە ئاگری بەگڕ بوون
ئەو وەک دوو چرای لە ڕۆنی پڕ بوون
گڕ گرتیی و کەوتە ھەر دوو لامان
دڵ بۆتە مەکۆی برین و زامان
سووتاین گش و ئێستە کۆی زوخاڵین
لات وایە کە نوقمی ناو خەیاڵین؟!
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/١٦». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.