شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
سووتانی مەم لە دەردی دووریی زینێ
مەم زۆرتری زینێ دەردەدار بوو
خەم لەم کە یەکێ بوو، لەو ھەزار بوو
ڕەنگزەرد و بەدەرد و بارلەلێوان
دێوانە و شێت و دایە کێوان
پەتیارەیی وای لەسەر ببوو زاڵ
ئارامی نەما لە شار و ناوماڵ
وای گرتبوو ئاگری کڵی دڵ
چاوی بە یەکی دەدین گوڵ و گڵ
دووی تینوو لە دەشت و دەر لەبەر تاو
بێھێز بکەون لەتاو قومێک ئاو
لەپڕێکی بەتاوی ئاوی ژیانێ
دابارێ لە ھەوری عاسمانێ
یەک چۆنی بوێت ھەڵێنجێ بۆخۆی
یەک تاقەدڵۆپەیەک نەچێ بۆی
یەک ژینی نەمر بخاتە بن دەست
یەک بمرێ ھەتاھەتایە بێ ھەست
تاژدین کە نیازی ھاتە بەر دەست
ئەوڕۆژە گیانی مەم گڕی بەست
برژابوو بە ئاگری ئەوینی
گریان بوو بە دۆست و ھاونشینی
دڵخۆشی لەبیر نەما کە چۆن بوو
لاوێنی لەلا شتێکی کۆن بوو
کاتێ کە دەھاتە بەردەمی میر
وەک بەندیەکی بەکۆت و زنجیر
دڵگەرم و ھەناسەسەرد و بێڕەنگ
دیوان ھەموو لەسوێیانی دڵتەنگ
جارجارە کە دەچوە ماڵی تاژدین
بێچارە لەبەر گرین و ناڵین
مەودای نەبوو دەردی دڵ ببێژێ
باری دڵی ژاری ھەڵبڕێژێ
ناچار دەبوو دەرکەوێتە دەم چەم
دەیدواند و لە خۆی دەکردە ھاودەم
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/٣٢». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٩.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.