شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
ڕاسپاردەیەک ڕادەسپێرنە لای میر
کاتێ شەوەکی شەوی بەڕێ کرد
ڕۆژ زینی لە پشتی ئەسپەشێ کرد
ئەسپی ڕەشی شەو برایە سەر خاو
شێی زەردەیی تاوی خستە پڕتاو
گرتی دەسی گورزە ئاگرینێ
زەرد بۆوە لە ترسی گۆی زەمینێ
کێشای لە کەمەرگە تیغی زێڕن
نیسێ دەڕەوین کە خۆ وەشێرن
تاژدین و برای لەگەڵ گزنگێ
ئامادەیی کار و سازی جەنگێ
شمشێر لە کەمەر، جگەر وەکوو شێر
کێشرانە دەرێ ئەسپ لە پشتێر
ئەسپانی ڕەسەن عەرەب نەژادان
پێت وابوو فڕین لەخۆ حەوادان
ڕەخشان بە چەپۆک و کۆڵ و سمکۆڵ
پێیان دەھەژا دڵی چیا و چۆڵ
خاریان دەدڕی و دڵی نزاران
بۆ ناشتنی جەندەکی نەیاران
زرموکوت و ھەوھەو و گوڕاندن
ھەرکەس لە خەوا بوو ڕایپەڕاندن
گوتیان بە کوڕان بەرەی کەس و کار
یان بمرن و یا نە مەم بێ ڕزگار
وا گەردەنی ئێوە دەکرێ ئازا
خۆشی لە کوڕێکە بمرێ ئازا
تاژدین یەکی خزم و کەیخودا و ژیر
لە کوڕانەوە ڕایسپاردە کن میر
تا کەنگێ! بەسی بێ زۆر و بێداد
دۆستان کز و دوژمنان دەکا شاد
پێی وا نەبێ مەم گوناھبارە
دیلی دەسی دڵیە ئەم ھەژارە
نازانێ کە پاتشای ئەوینێ
دایگرتووە ڕووی ھەموو زەمینێ؟
دڵداری لەسەر کەسێک ببێ زاڵ
چاوبەستەیە، گوێ کەڕە، زمان لاڵ
ئێمە کە لەگەڵ مەما چوارین
بۆ بەختەوەری وی چوار دیوارین
ھەر چوار سەری مە ھەمیشە وەک گۆ
ئامادە و چاوەڕێی شەقی تۆ
یان دەربکەوێ لە بەند برامان
یان بەکرێ بنێرێ بێتە لامان
چیمان لە دڵایە پێی ببێژین
تۆزێ کوڵوکۆ بەوی دەڕێژین
نەیکا گلەیی لە خۆی دواجار
ناخۆشی ئەگەر ببێتە سەربار
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/٤٧». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٢/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.