شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
بەکری شۆفار داوی مەرگ بۆ مەم دەنێتەوە
ئێوارە کە ڕۆژ چرای کوژاوە
پەردەی ڕەشی شەو کە دادراوە
عاسمان وەکوو سێڵی پڕ لە پشکۆ
ئەستێرە تیا درەوشی کۆکۆ
ئەو میری ھەمیشە شاد و دڵخۆش
ئەو ڕۆژە پەرۆش و مات و خامۆش
دڵپیسی گڵاوی زۆڵی بەدناو
مەزنی بە کزی کە ھاتە بەرچاو
گەورەم! وتی: دامەنیشە خەمبار!
کار وا نییە بۆت نەیێتە بەربار
دەخوازی کە شادی بێتەداوێ
تۆ زین و مەمێ لە دڵ دەراوێ
ھۆی ئاگری کێشە ئەم دووانەن
ماکەی کوڵ و دەرد و خەم ئەوانەن
گەر ڕێگە بدەی گەڕێکی وا کەم
بێ کێشە مەمی لە ناخێ ڕاکەم
ژەھراوێ لە تۆ کە لێی نەکەن سڵ
تاژدین و برای دەخاتە بن گڵ
کارێکی کە پێک دێ سووک و ھاسان
پێی ناوێ ھەرا و گوڕین و ڕاسان
تۆ ھەستە بڕۆ بڵێ بە زینێ
مەم بۆتە خەڵووز لەبەر ئەوینێ
مەم تینووە، تۆی کە ئاوی ژینی
ھەتوان دەسی تۆیە بۆ برینی
تۆ خۆت ھەڕە مەم لە چاڵ دەرێنە
ئەو بەندی لە دەسیە بیچڕێنە
زانیومە کە مەم گەلێ نزارە
پەروانەیی ژارە چاو لە یارە
ھەر چاوی کەوێ بەزینی چاومەست
ناژی دەمێ، گیان دەدا دەمەودەست
سووتاوە، زوخاڵە جەرگ و ناوی
خۆ ناگرێ لەحاستی مەستی چاوی
بەو بۆنە گیانی مەم بکێشە
ژێر گڵ بکە ماکی دەرد و کێشە
سەردار ھەنە باش و کار دوروستن
کەمیان ئەوەیە کە گوێلەمستن
خۆشباوەڕ و سادەیی لە باوان
ڕێشاندەرە بۆ گوناھ و تاوان
گوێ نادەنە دڵ کە زۆر بەجێیە
گوێچکەی دڵی وان بە دەستی گوێیە
بە گلێنە سپین گەلێکی چاوڕەش
پیسان بە جوان دەگرنە باوەش
باوەڕکەری پیاوی دووزمانن
ڕاست لار و خوار بە ڕاست دەزانن
چیان پێ بڵێ ھەر دەڵێن بەچاوان
نایکۆڵنەوە بیخەنە بناوان
خۆڕانەگرن، دژن، بەکینن
ھێمنایی و پشوو بەکەم دەبینن
گوێ نادەنە ڕاستی و درۆیان
زوو بایی دەبن بە بیری خۆیان
کاریان دەسپێرنە دەست چرووکان
بێ بنیچە و ھیچ و پووچ و سووکان
دەزگای مەزنان کە ڕژد و بەدفەڕ
لێی کۆوە بوو، بوو داری بێبەر
سەردارێ کە خێوی بیر و ھۆشە
بۆ چینی ھەژار دڵی پەرۆشە
باش تاقی دەکاتەوە دەراوان
دانانێ لەدەوری خۆی گڵاوان
چل جار دەگرن، چەلێکی دەبڕن
گۆشتێکی گەنیوە چۆنی دەکڕن؟
ھەرکەس کە دەبێتە کاربەدەستێ
با ھۆشی ھەبێ و بەخۆی بوەستێ
لەو گفتی ژیانی گەل دەکەن تاڵ
با گوێ کپ و کەڕ بکا و زمان لاڵ
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/٤٩». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٢/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.