ڤەژینبوکس
ڤەژینبوکسزێوەردیوانی زێوەر › ن › پێم خۆشە تەماشای قەدت ئەی سەروی خەرامان
نووسەر:
زێوەر (1875-1948)
زمان:
کوردیی ناوەندی
قاڵب:
غەزەل
کێش:
مفعولُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن ––∪/∪––∪/∪––∪/∪––
هزج مثمن اخرب مکفوف محذوف
ژمارەی بینین:
11
کاتی پێویست:
1 خولەک
پێم خۆشە تەماشای قەدت ئەی سەروی خەرامان
پێم خۆشە تەماشای قەدت، ئەی سەروی خەرامان
جارێ بە کەرەم سا وەرە ڕابوورە بە لامان
ئەو نەختە خەیاڵاتە کە وا ماوە لە سەرما
بێ میهری ڕوخت ڕەفعە بەیەک دەفعە لە سەرمان
ناڵێم سەنەمی، کوفرە، ئەما قیبلەی قەلبی
مەنزووری هەموو خەڵقی چ گەبر و چ موسوڵمان
بەم غەمزە و ناز و نیگەهی چاوی خومارەت
تاڵانبەری زوههادی و غارەتگەری ئیمان
جێ زەخمی موژەت مەرهەمی مەعدوومە لە دنیا
چارم نییە ئەڵبەت بە دووسەد هەر وەکوو لوقمان
زێوەر مەکە ئەمڕۆ بە نیشانی ستەمی خۆت
ئوممێدی بڕاوە لە دەوا و چاری حەکیمان
navigate_nextبەسراوی ڕاوی چاوی شۆخێکی نەوجەوانم
navigate_beforeپیاو کە دووچاری ڕۆژی نەگبەت بوو